٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥؛ مامۆستا «مەلاحەسەن مەحموودی»، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی «کانیتۆرمار»، «نەوید مستەفازادە» و «ئارام وەفایی»، سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، دوای ٢٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی پێنج میلیارد تمەنی و بەگشتی بە بارمتەی ١٥ میلیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری «کوردپا»، ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥، مامۆستا «مەلاحەسەن مەحموودی»، «نەوید مستەفازادە» و «ئارام وەفایی» دوای ٢٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، هەر یەکەیان بە دانانی بارمتەی پێنج میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کران. ئەم سێ هاووڵاتییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان گوازرابوونەوە.
بەرەبەیانیی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، مامۆستا «مەلاحەسەن مەحموودی»، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی «کانیتۆرمار»، «نەوید مستەفازادە»، خەڵکی گوندی «داشبەند»، و «ئارام وەفایی»، خەڵکی گوندی «عەباسئاوا» سەر بە بۆکان، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
هەتا کاتی ئازادکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنیان لەبەر دەستدا نەبوو و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەدابوو. ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکەیاندا لە گرتنگەکان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پێوەندیکردن پێیانەوە بێبەش بوون.
لەم پێوەندییەدا؛
هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئێوارەی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ەرەڕۆیانەی «ئارام وەفایی»، باوکی ناوبراو، «عوسمان وەفایی»ـشیان بەهۆی لەبەرکردنی «جلوبەرگی کوردیی خاکی» دەسبەسەر کرد. هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی گواستنەوەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، جلوبەرگە کوردییەکانیان بەزۆر لەبەر داکەند و نیوەشەو بە جلی ژێرەوە لە ئۆتۆمبێلەکە دایانبەزاند و لە شەقامدا بەجێیان هێشت. هێزە ئەمنییەکان جلوبەرگە کوردییەکانیشیان لەگەڵ خۆیان برد.
مامۆستا «مەلاحەسەن مەحموودی»، تەمەن ٥٣ ساڵ و کوڕی «عومەر»، کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ پێشنوێژی مزگەوتی گوندی «کانیتۆرمار» بووە، بەرەبەیانیی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا. لە ڕەوتی ئەم دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەیەدا، هێزە ئەمنییەکان بە شکاندنی دەرگای ماڵەکە چوونەتە ژوورەوە، لەبەرچاوی ئەندامانی بنەماڵەکەی لێیان داوە و کەلوپەلە کەسییەکانی، لەوانە مۆبایل و کتێبەکانی، دەستیان بەسەردا گیراوە.
«نەوید مستەفازادە»ش پێشتر، لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.





