١ی سەرماوەزی ١٤٠٥؛ یەدوڵڵا مەتاعی، هاووڵاتیی خەڵکی دێولان و ڕاهێنەری کاراتە بە ٣١ ساڵ پێشینەی چالاکیی وەرزشی کە ئێستا لە بەندیخانەی قوروە ڕاگیراوە، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دێولانەوە بە گشتی سزای ٣٩ مانگ و دوو ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە ڕۆژی یەکشەممە یەکی سەرماوەزی ١٤٠٥ پێی ڕاگەیەندراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا یەدوڵڵا مەتاعی بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای هەشت مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی «هاندانی خەڵک لە کاتی شەردا» سزای ٣١ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپاندووە. ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند کە ناوبراو لە ماوەی قۆناغەکانی دادگاییکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و داواکاریی ئازادکردنی کاتییەکەی بە دانانی بارمتە تا ئێستا ڕەت کراوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بەبێ بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی دێولاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی قوروە گوازرایەوە.
هەر لەم پەیوەندییەدا، یەدوڵڵا مەتاعی کە پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن حەراسەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنەوە لە بەردەوامبوون لە چالاکیی وەرزشی، ڕاهێنەرایەتی و کردنەوەی هەر جۆرە یانەیەک قەدەغە کرا.
ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، ئەم بڕیارە بە شێوەی زارەکی و دوای بانگکردنی یەدوڵڵا مەتاعی، ڕاهێنەری ٤٥ ساڵە، بۆ بەشی حەراسەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنە، لەلایەن ئەم ناوەندە ئەمنییەوە پێی ڕاگەیەندرا. هەروەها سەرجەم بەڵگەنامە و گرێبەستەکانی لە یانەی پارێزگای سنە لە حەراسەتی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دڕێندران و پێی گوترا؛ «تۆ بۆ هەمیشە لە ڕاهێنەرایەتی دەرکرایت».
هاوکات، هەر لەم ڕۆژەدا، ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، ڕێگری لە ئامادەبوونی یەدوڵڵا مەتاعی لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە پاڵەوانان، ڕاهێنەران و پێشەنگانی وەرزشیی شاری دێولان کرا و ناوی لەم ڕێوڕەسمە سڕایەوە.
یەدوڵڵا مەتاعی لە ساڵی ١٣٧٤ـەوە وەک وەرزشوان و ڕاهێنەری کاراتە چالاکی دەکات و ٣١ ساڵ پێشینەی چالاکیی لەم بوارەدا هەیە. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، لە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ و لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتن و گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕبوونی چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و سەرەنجام سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها ناوبراو لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کرا.





