٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکردنی «حەمزە هاشمی»، ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە ئاودانان لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئەم شارە لە وەرگەڕانی کارەساتباری ئوتوبووسی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپالایش، گەیشتە ١٣ کەس. دەسبەسەرکردنی «حەمزە هاشمی» هاوڕێ بووە لەگەڵ لێدان و توندوتیژیی زۆر و هێزە ئەمنییەکان بە دانانی چەک لەسەر سینگی دایکی، هەڕەشەیان لێ کردووە کە منداڵەکەی دیکەی، «حوسێن هاشمی»، ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، دەیان هێزی ئەمنیی دەمامکدار و چەکدار بۆ دەسبەسەرکردنی «حەمزە هاشمی» و براکەی «حوسێن هاشمی» هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کار و ماڵی بنەماڵەیی ئەم دوو برایە لە ئاودانان. هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان، «حەمزە هاشمی»یان بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادگا دەسبەسەر کردووە.

لە ڕەوتی ئەم کردەوە توندوتیژ و سەرەڕۆیانەیەدا، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی «حەمزە هاشمی»دا، چەکەکانیان لەسەر سینگی دایکی داناوە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە دەبێت منداڵەکەی دیکەی، «حوسێن هاشمی»، ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات. ئەوان هەروەها بە هەڕەشە و بەکارهێنانی توندوتیژی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەدا هەڵسوکەوتیان کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئاودانان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەم شارە دەسبەسەر کران کە تا ئێستا ناسنامەی ١٢ کەسیان بۆ کوردپا پشتڕاست کراوەتەوە. ئەم کەسانە بریتین لە: «سینا دەروشی» مێرمنداڵی ١٥ ساڵە، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاهی»، «ئەسغەر ئەکبەری»، «ئارمین سلێمانی»، «بێهنام مورادی»، «پەیمان کەریمزادە»، «شەهرام جاویدانە»، «مەیسەم نەزەری» پەرستار، «محەممەدحوسێن کاویانی»، «حوسێن عەلیزادە» و «حەمید شا‌محەممەدی». هەروەها «موحسین باویر»یش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کرا و دواتر ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون. هەروەها بەهۆی شەپۆلی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانە و توندوتیژەکانەوە، نیگەرانییەکی جیددی لەسەر چارەنووس و گیانی ئەم هاووڵاتییانە لەئارادایە. ئەوان دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

بەرپرسانی حکوومەتیی پارێزگای ئیلام، لەوانە «ئەسەدوڵڵا چراغی» لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم (سەر بە سپای پاسداران)، دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئاوداناندا ڕەت کردووەتەوە. هاوکات «ئەمرۆڵڵا میسائی» داواکاری گشتیی ئاودانان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی میزان (سەر بە دەزگای دادوەری)، هەڕەشەی لە ناڕازییانی ئاودانان کردووە و ڕایگەیاندووە کە بە شێوەیەکی «لێبڕاوانە» ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە بە وتەی ناوبراو «بە نیازی تێکدانی نەزمی گشتی و ورووژاندنی هەستی خەڵک بن».

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە ئەنجامی گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئاودانانی لە وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا. سەدان کەس لە هاووڵاتییان بە وتنی دروشم دژی بەرپرسانی حکوومی، بەرانبەر بە سەرنجنەدان بە دۆخی ڕێگاوبانەکان، بێبەشبوونی ژێرخانی پارێزگای ئیلام و بەڕێوەبردنی خراپ ناڕەزایەتییان دەربڕی. هاوکات، بەشێکی گەورەی بازاڕی ئاودانان بە نیشانەی هاوهەنگاوی لەگەڵ ناڕازییان و بنەماڵەی قوربانییاندا دەستی دایە مانگرتن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شاردا جێگیر کران. گردبوونەوەکان تا ئێوارە بەردەوام بوون و ڕاپۆرت لەسەر تێکچوونی بەرچاوی هێڵی ئینتێرنێت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بەرەو ناڕازییان بڵاو کرایەوە. سەرچاوەکانی کوردپا هەواڵی برینداربوونی چەندین ناڕازیشیان داوە کە لە ترسی دەسبەسەرکردن، خۆیان لە سەردانیکردنی نەخۆشخانە بواردووە.