١ی سەرماوەزی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی چوار هاووڵاتیی خەڵکی «دەڕەشار» سەر بە پارێزگای ئیلام، بە ناوەکانی «ئەمیر گەراوەند»، «عەلی والی»، «ئاریەن ئیمانی» و «عرفان ئیسماعیلی»، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای گوت: ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە ڕەوتی شەپۆلێکی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەدا لە شاری «دەڕەشار» سەر بە ئیلام، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی «ئەمیر گەراوەند»، «عەلی والی»، «ئاریەن ئیمانی» و «عرفان ئیسماعیلی» بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن، دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان نەداوە.





