٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «بەهمەن ڕەحیمزادە»، لاوی ٢٧ ساڵەی کوردی خەڵکی مەهاباد، بەیانیی ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادگا دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیکردن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا ڕایگەیاند؛ بەیانیی ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، چەندین ئوتومبێلی هەڵگری هێزە ئەمنییەکان بە هێرشکردنە سەر شوێنی کارەکەی «بەهمەن ڕەحیمزادە»، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادگا دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «بەهمەن ڕەحیمزادە» خێزاندارە و خاوەنی منداڵە و دووکانی «تەنزیم مۆتۆر» (ڕێکخستنی مەکینەی ئوتومبێل)ی هەبووە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن، دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی نەداوە.





