٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکردنی «محەممەد میرزایی»، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەردا لە دەڕەشاری ئیلام دەسبەسەر کراون، گەیشتە حەوت کەس. «ئەمیر گراوەند»، «عەلی والی»، «ئارین ئیمانی»، «عرفان ئیسماعیلی»، «محەممەد ئەولاد» و «حەمید میرزایی» شەش هاووڵاتییەکەی دیکەن کە هەر لەو ڕۆژەدا دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری «کوردپا»، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، «محەممەد میرزایی» و «حەمید میرزایی» بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون. هەروەها بەهۆی شەپۆلی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆ و توندوتیژەکانەوە، نیگەرانیی جیددی سەبارەت بە چارەنووس و دۆخی ئەم هاووڵاتییانە لە دوای ناڕەزایەتییەکان دروست بووە.

لە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ـەوە، لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئاودانان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەم شارە دەسبەسەر کران کە تا ئێستا ناسنامەی ١٥ کەسیان بۆ کوردپا ئاشکرا بووە. ئەم کەسانە بریتین لە: «سینا دەرویشی» (مێرمنداڵی ١٥ ساڵ)، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاهی»، «ئەسغەر ئەکبەری»، «ئارمین سلێمانی»، «بێهنام مورادی»، «پەیمان کەریمزادە»، «شەهرام جاویدانە»، «مەیسەم نەزەری» (پەرستار)، «محەممەدحوسێن کاویانی»، «حوسێن عەلیزادە»، «حەمید شامحەممەدی»، «حەمزە هاشمی»، «عەلی حوسێنی» و «شایان مەردانی». هەروەها «موحسین باویر»یش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کرا و دواتر ئازاد کرا.
هەروەها «حەیدەر مەلایی»، لاوی خەڵکی شاری «موورمووری» سەر بە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ دەسبەسەر کراوە.