٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥؛ بە تێپەڕبوونی حەفتەیەک بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «سوبحان ئەمری»، لاوی خەڵکی شاری «سەراوباخ» سەر بە شاری ئاودانان و خوێندکاری یەکێک لە زانکۆکانی دێزفوول، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری «کوردپا»، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، «سوبحان ئەمری»، کوڕی «ڕۆحوڵڵا» لەلایەن حیراستی زانکۆکەیەوە ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کراوە. هێزە ئەمنییەکانیش ئەم لاوە کوردەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. بەردەوامیی دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، نیگەرانیی جیددیی سەبارەت بە دۆخ و تەندروستیی ئەم هاووڵاتییە لێ کەوتووەتەوە.
لە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ـەوە، لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئاودانان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەم شارە دەسبەسەر کران کە تا ئێستا ناسنامەی ١٥ کەسیان بۆ کوردپا ئاشکرا بووە. ئەم کەسانە بریتین لە: «سینا دەرویشی» (مێرمنداڵی ١٥ ساڵ)، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاهی»، «ئەسغەر ئەکبەری»، «ئارمین سلێمانی»، «بێهنام مورادی»، «پەیمان کەریمزادە»، «شەهرام جاویدانە»، «مەیسەم نەزەری» (پەرستار)، «محەممەدحوسێن کاویانی»، «حوسێن عەلیزادە»، «حەمید شامحەممەدی»، «حەمزە هاشمی»، «عەلی حوسێنی» و «شایان مەردانی». هەروەها «موحسین باویر»یش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کرا و دواتر ئازاد کرا.
لەلایەکی دیکەوە، لە ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥دا، لانیکەم حەوت هاووڵاتی لە دەڕەشاری ئیلام بە ناوەکانی «محەممەد ئەولاد»، «حەمید میرزایی»، «ئەمیر گراوەند»، «عەلی والی»، «ئارین ئیمانی»، «عرفان ئیسماعیلی» و «محەممەد میرزایی» دەسبەسەر کراون.
هەروەها «حەیدەر مەلایی»، لاوی خەڵکی شاری «موورمووری» سەر بە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ دەسبەسەر کراوە.





