سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٥، شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی سەردەشت، ناسراو بە «شۆڕەسوار»، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری «کوردپا»، کاتژمێر ٧ی بەیانی هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هونەرمەندە و دەسبەسەریان کردووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش داوە کە دادسەرای سەردەشت هیچ وڵامێکی سەبارەت بە دۆخی ناوبراو بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە.

پێشتریش لە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥دا، شۆڕش ئەبووبەکری دوای بانگکران و ئامادەبوونی لە دادسەرای شاری سەردەشت، بە فەرمانی داواکاری گشتی دەسبەسەر کرابوو و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

شۆڕش ئەبووبەکری ئامادەکار، پێشکەشکار، ژەنیاری تار و گۆرانیبێژی ناسراوی سەردەشتە لە بواری ئەدەب و هونەردا. ناوبراو پێشتر خاوەنی فێرگەیەکی مۆسیقا بە ناوی «ئاوای کورد» لە سەردەشت بووە کە چەند ساڵ پێش ئێستا مۆڵەتەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە.

پێشینەی دەسبەسەرکردنی شۆڕش ئەبووبەکری:

شۆڕش ئەبووبەکری نیوەشەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢، بە هێرشی چەکدارانەی هێزە ئەمنییەکان و بەبێ بڕیاری دادوەری دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە گوازرایەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ئەم هونەرمەندە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، دانیشتنی دادگاییکردنی شۆڕش ئەبووبەکری لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەردەشت بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ڕەحمەت ئیسماعیلی» بەڕێوە چوو و ناوبراو لە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» بێتاوان دەرچوو.