٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥ ؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ ڕۆژ بەسەر گواستنەوەی لەپڕ و بێئاگاداركردنەوەی بنەماڵە و پارێزەری «پرهام پەروەری»، بەندکراوی سیاسیی کوردی سزادراو بە ١٥ ساڵ بەندکران، بۆ بەندیخانەی زاهێدان، هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووس و دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لەم ماوەیەدا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ نزیکەکانی نەبووە. پەرهام پەروەری ٤ ساڵ و ١١ ڕۆژە بەبێ بەهرەمەندبوون لە تەنانەت یەک ڕۆژ مورەخەسی لە بەندیخانەیە کە ٣ ساڵ و نزیکەی ٤ مانگی لە دوورخرانەوە لە پارێزگای سیستان و بلووچستان تێپەڕاندووە. ناوبراو ڕاهێنەر و خاوەنی میداڵی پێشبڕکێکانی مەلەوانی و دەرچووی بەشی ئەندازیاریی مێکانیکە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ «پەرهام پەروەری»، لاوی ٢٩ ساڵانی کورد ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵە و نزیکەکانی، لەگەڵ چەند زیندانییەکی تر لە بەندیخانەی ئێرانشارەوە بۆ زیندانی زاهێدان گواستراوەتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر ئەم گواستنەوەیەدا، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی ناوبراو نییە و هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەکردووە.

پەرهام پەروەری لە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لە تاران دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە و بەدواداچوونی دادوەری، بە تۆمەتەکانی «موحارەبە» و «کردەوە دژی ئەمنییەتی نیشتمانی» سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا، کە بریتییە لە ١٠ ساڵ زیندان لە دوورخرانەوە و پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو. سزاکەی لە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لەلایەن لقی نۆیەمی دادگای باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە. سێیەم داواکاریی پێداچوونەوەی دادوەریی ناوبراو لە ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ قەبووڵ کرا و سزای دەرچوو هەڵوەشایەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێی ڕاگەیاندنی دایکی لە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤، تۆمەتی «موحارەبە» هەر وەک خۆی ماوەتەوە و دۆسییەکە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای ئینقلاب کراوە. ناوبراو لە ماوەی زیندانیکردنیدا، بەبێ تەنانەت یەک ڕۆژ مورەخەسی، لە زیندانە جیاوازەکاندا ڕاگیراوە و بۆ زیندانەکانی ئێرانشار و زاهێدان دوور خراوەتەوە. 

پێشینەی دەسبەسەرکردن و سزادانی پەرهام پەروەری؛

١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، پەرهام پەروەری لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی فەشافوویە گواسترایەوە. ناوبراو دوای حەفتەیەک مانەوە لەم زیندانە، بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.

١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، دادسەرا ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین تۆمەتی «موحاربە»ی خستە پاڵی و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرد. لە درێژەدا، دادگا ڕێگریی لە دیاریکردنی پارێزەری هەڵبژێردراو بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی کرد و دەستڕاگەیشتنی پارێزەری بە دۆسییەکە پەسەند نەکرد.

٤ی بەفرانبارى ١٤٠١: دوای تێپەڕبوونی ٤٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، مۆڵەتی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بە ناوبراو درا. «مازیار تاتایی»، پارێزەری دیاریکراوی دادگا، دوای دەستڕاگەیشتن بە ی پەرهام بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە تۆمەتی «موحارەبە» لەم دۆسییەیەدا هەر وەک خۆی بەردەوامە.

١٤ی بەفرانبارى ١٤٠١: پەرهام لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تلفۆنییەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە بۆ زیندانی تارانی گەورە گواستراوەتەوە.

٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢: پەرهام پەروەری لەگەڵ نزیکەی ٣٥ زیندانی تر لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ئێڤین گواسترایەوە. بڕیار بوو کۆبوونەوەی دادگاکەی لە ٢١ی خاکەلێوەدا لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە بە هۆکاری نادیار بەڕێوە نەچوو. 

٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢: یەکەم کۆبوونەوەی دادگا بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی پەرهام پەروەری لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر «عەمووزاد» و بە ئامادەبوونی «مازیار تاتایی»، پارێزەری دۆسییەکە، بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا، بە تۆمەتەکانی «موحاربە» و «کردەوە دژی ئەمنییەتی نیشتمانی» دادگایی کرا و دادوەری دادگا بە بنەماڵەی پەرهام پەروەری ڕاگەیاند کە سزاکەی لە ماوەی دوو حەفتەی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت. لە کۆتاییدا، لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢، بەو تۆمەتانە سزای ١٠ ساڵ زیندان لە دوورخستنەوە لە زیندانی جاسک، لە پارێزگای هۆرمۆزگان، و پێنج ساڵ زیندانی داسەپاوی بەسەردا سەپا.

٢٨ ی سەرماوەزی ١٤٠٢: سزای زیندان و دوورخستنەوەی پەرهام پەروەری لەلایەن لقی نۆیەمی دادگای باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە و بە پارێزەری دۆسییەکەی ڕاگەیەندرا.

٢٣ی بەفرانبارى ١٤٠٢: پەرهام پەروەری بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی و بە شێوازێکی نهێنی لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بلووچستان دوور خراوەتەوە.

٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٣، داواکاریی پێداچوونەوەی دادوەریی پەرهام لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە بۆ جاری دووەم ڕەت کرایەوە.

١٩ی خەرمانانی ١٤٠٣، کوردپا بڵاوی کردەوە کە پەرهام پەروەری پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوەی تاوانەکان، لە بەندی زیندانییانی تاوانبار بە پەیوەندی بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنەوە ڕاگیراوە. «سروە سووزەنی»، دایکی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕاگەیاند کە کوڕەکەی لە دۆخێکی زۆر نائاساییدا لە زیندانی ئێرانشاردا بەسەر دەبات. بە وتەی ناوبراو، ئەم زیندانە لە بنەڕەتدا ناوەندی چاکسازی و فێرکارییە بۆ زیندانییانی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانە گەورەکان و بە هیچ شێوازێک بۆ ڕاگرتنی زیندانییانی سیاسی گونجاو نییە. هەروەها باسی لە نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە گیانی کوڕەکەی لەم زیندانەدا کرد و وتی کە لە کاتی شەڕێکدا، چەند زیندانییەک لە پەرهامیان داوە و بەو هۆیەوە چاوی تووشی شکانی و بووە و شەش بەخیەی خواردووە. هەروەها بە فڕێدانی فلاسکی چای، جەستەی تووشی سووتانی قورس ببوو. دایکی ئەم زیندانییە سیاسییە جەختی کردبووەوە کە کوڕەکەی ئەندازیار و پاڵەوانی مەلەوانییە و دەبێت لە بەندی زیندانییانی سیاسی ڕابگیرێت، نەک لەناو تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکان و کوشتن.

١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣: پەرهام پەروەری لە زیندانی ئێرانشارەوە بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی زاهێدان گواستراوەتەوە.

١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠۳: «مازیار تاتایی»، پارێزەری دۆسییەی پەرهام، لە پەڕەی ئێکس خۆیدا نووسی کە سێیەم داواکاریی پێداچوونەوەی دادوەری پێشکەشکراو بۆ بریگرتەکەی، پەرهام پەروەری، لەلایەن لقی لێکۆڵینەوە لە دادگای باڵای وڵاتەوە قەبووڵ کراوە و بە هەڵوەشاندنەوەی سزای دەرچوو، هیوای خواست کە لقی هاوشێوە بەهۆی نەبوونی بنەماکانی یاسایی تاوانی موحارەبە، بڕیاری بێتاوانی بۆ دەربکات. 

٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤: «سروە سووزەنی»، دایکی پەرهام پەروەری، لە پەڕەی ئینستاگرامەکەی نووسی کە پێداچوونەوەی دادوەریی کوڕەکەی تەنیا سەبارەت بە یەک تۆمەتی بچووک قەبووڵ کراوە و تۆمەتی «موحاربە» هەر وەک خۆی بەردەوامە. دۆسییەکەش ڕەوانەی لقی هاوشێوە، واتە لقی ١٥ی دادگای ئینقلاب، کراوە. 

سەبارەت بە پەرهام پەروەری؛

پەرهام پەروەری، ٢٩ ساڵە، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا، ڕاهێنەر و خاوەنی میداڵی پێشبڕکێکانی مەلەوانی و دەرچووی بەشی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی پیشەسازیی ورمێ. ناوبراو هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری لە کاردانەوە بە کوشتنی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی «موحاربە» تاوانبار کرا. پەرهام پەروەری سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە کە ١٠ ساڵی لە دوورخرانەوە جێبەجێ دەکرێت. باوک و دایکی، موزەفەر پەروەری و سروە سووزەنی، لە فەرهەنگییەکانی خانەنشینی سەقزن. 

کوردپا؛

کوردپا وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم سزایە نادادپەروەرانەیە، جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی سزای دەرچوو لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە لە دوایین پرۆسەی لێکۆڵینەوەی دۆسییەکەدا، پەرهام پەروەری هێشتا بەبێ پێداچوونەوەی دووبارە و دیاریکردنی چارەنووسی دادوەری، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگ لە بێسەرەوبەریدا بەسەر دەبات. لە لایەکی ترەوە، زیندان لە دوورخرانەوە زەحمەتێکی قورس بەسەر ئەم زیندانییە سیاسییە و بنەماڵەکەیدا دەسەپێنێت؛ چونکە دووریی جوگرافی و خەرجییە قورسەکانی هاتوچۆ، دەرفەتی سەردانیکردنی بنەماڵەی لەگەڵیدا سنووردار کردووە و دەستڕاگەیشتن بە مۆڵەت و بەهرەمەندبوون لە مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی لە ژینگەیەکی نەناسراودا قورس تر کردووە. کوردپا داوای پێداچوونەوەی دووبارە و دادپەروەرانە بۆ دۆسییەی پەرهام پەروەری، کۆتاییهێنان بەو بێسەرەوبەرییە دادوەرییە و پاراستنی مافە سەرەتاییەکانی وەک زیندانییەک دەکات.