١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ ڕۆژی ڕابردوو، ٧ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و لە ئەندامانی دوو گرووپی شاخەوانیی «هەڵۆ» و «چیای سەوزی سەقز»، بە ناوەکانی "مەحەمەد حەکیمپوور"، "مستەفا قادری"، "محەممەدساڵح حوسێنی"، "حوسێن عەبدوڵڵاهی"، "خالید ڕەحیمی"، "عەبدوڵڵا ئەمینی" و "ڕەحیم حەقپەرەست"، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و هاوڕێ لەگەڵ لێدان و توندوتیژی، دوای پەلاماردانی دەیان هێزی ئەمنیی چەکدار دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. «ڕەحیم حەقپەرەست» دوای ڕۆژێک و «عەبدوڵڵا ئەمینی» دوای شەو و ڕۆژێک دەسبەسەرکران ئازاد کران و لە چارەنووسی ٥ هاووڵاتیی دیکەی دەسبەسەرکراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لە چوارچێوەی شەپۆلێک لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لە شاری سەقز، زیاتر لە ٣٠ هێزی ئەمنی و چەکداری ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، لە نێوان کاتژمێر ٥ تا ٦ی بەیانیدا پەلاماری ماڵی ٧ هاووڵاتیی کورد و ئەندامانی دوو گرووپی شاخەوانیی «هەڵۆ» و «چیای سەوزی سەقز»یان دابوو. هێزە ئەمنییەکان وێڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکان، ئەم هاووڵاتییانە و ئەندامانی بنەماڵەکانیانیان ڕووبەڕووی لێدان و توندوتیژی و بێڕێزیی توند کردەوە و پاشان دەسبەسەریان کردن و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت؛ «ڕەحیم حەقپەرەست» ئێوارەی پێنجشەممە، دوای ڕۆژێک دەسبەسەرکران و هەروەها «عەبدوڵڵا ئەمینی» بەیانیی هەینی ١٧ی ڕەزبەر، دوای شەو و ڕۆژێک دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و لێکۆڵینەوە ئازاد کران، بەڵام لە چارەنووسی ٥ دەسبەسەرکراوەکەی دیکە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەوان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن.
سەرچاوەی کوردپا جەخت دەکاتەوە کە سەرجەم کەسانی دەسبەسەرکراو لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەسبەسەرکرانیاندا، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، ڕووبەڕووی بێڕێزیی توند و لێدان و توندوتیژی بوونەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوکرانەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردانە نەزانراوە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، ٥ هاووڵاتییە کوردەکە کە هێشتا دەسبەسەرن، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن.
گرووپەکانی شاخەوانیی «چیای سەوز» و «هەڵۆ»؛
گرووپەکانی شاخەوانیی «چیای سەوز» و «هەڵۆ» دوو ڕێکخراوی سەربەخۆی مەدەنی، وەرزشی و ژینگەپارێزی لە سەقزن. ئەم گرووپانە سەرەڕای هەڵگەڕانی دەورەیی بۆ سەر چیا و بەرزاییەکانی کوردستان، لە بەرنامەکانی وەک پاککردنەوەی سروشت، دار چاندن، پەرەپێدانی شاخەوانی و ڕێزلێنان لە پێشەنگان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە؛ لەوانە هەڵگەڕانی هاوبەشی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی ئەوان بۆ سەر لووتکەی چیای «تاڵەسوار» لە ناوچەی خوڕخوڕە کە هاوڕێ لەگەڵ وتارخوێندنەوەی شاخەوانی پێشەنگ «پیرە هەڵۆ» بوو.
بەم هۆیەوە، ئەندامانی ئەم ڕێکخراوانە بەهۆی سەربەخۆیی و چالاکییە مەدەنییەکانیانەوە چەندین جار بەرەوڕووی گوشاری ئەمنی بوونەتەوە. لەوانە ئەندامانی گرووپی «هەڵۆ» وەک ئەسعەد سدیقی (پوشپەڕی ۱۳۹۹) و سدیق یووسفپوور ( بەفرانباری ۱۴۰۴) مێژووی دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی و پشکنینی ماڵەکانیان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە هەیە.





