١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ لەگەڵ تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ تا یەک حەفتە بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی دوو هاووڵاتیی خەڵکی بانە بە ناوەکانی «شێرزاد چاوشینی» و «خەسرەو کەرەمپووری» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و ئەم دوو هاووڵاتییە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، «خەسرەو کەرەمپووری»، هاووڵاتیی ٣٤ ساڵان خەڵکی گوندی «بڵەسەن» و نیشتەجێی بانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥ و «شێرزاد چاوشینی»، هاووڵاتیی ٣٥ ساڵەی خەڵکی گوندی «وەرچک» و نیشتەجێی بانە، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بە پەلاماردانی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان و بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. لەگەڵ تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ تا یەک حەفتە بەسەر دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییەدا، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، «شێرزاد چاوشینی» دوای دەسبەسەرکرانی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە گوازراوەتەوە.
شایەنی باسە کە لە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠١دا، «شێرکو چاوشینی»، کۆڵبەری خەڵکی گوندی «وەرچک» سەر بە سەردەشت و برای «شێرزاد چاوشینی»، بە ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری «سەرتەزێن»ی بانە گیانی لەدەست دا. «شێرزاد چاوشینی»ش لە کاتی کۆڵبەریدا، هاوکات لەگەڵ براکەی بریندار بوو.
هەروەها، لە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣دا، «شێرزاد چاوشینی» دوای ئەوەی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی هەنگی سنووری لە سنووری «هەنگەژاڵ»ی بانە دەسبەسەر کرا، ڕووبەڕووی بێڕێزی و لێدان و توندوتیژی بووەوە و بە تەقەی فیشەکی چەکی «وینچەستەر» بریندار کرا.
پێشتر، لە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٢دا، هێزە ئەمنییەکان بە پەلاماردان بۆ سەر ماڵی «مەحەمەد چاوشینی»، هاووڵاتیی کوردی ٥٥ ساڵە و باوکی شێرزاد چاوشینی، لە گەڕەکی «حەمزاوا»ی بانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.
هەتا کاتی بڵاوکرانەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانەوەی ئەم هاووڵاتییە کوردانە نەزانراوە و هێزە ئەمنییەکان لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە مافی دەستڕگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن.





