۲۹ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ ڕۆژی ڕابردوو «یووسف مامەپوور»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاوایی «وەردێ» سەر بە سەردەشت، کە سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری بوو، لە سنووری «بەردەسیان» کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و گیانی لەدەست دا. لە ڕەوتی ئەم تەقەکردنەدا، هاووڵاتییەکی دیکەش بەسەختی بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «یووسف مامەپوور»، هاووڵاتیی کوردی ۳۰ ساڵانی خەڵکی ئاوایی «وەردێ» سەر بە سەردەشت، لە کاتی گواستنەوەی ئاژەڵ بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق کەوتە بەر دەستڕێژی هێزە نیزامییەکان و لە ئاکامی بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی لە گورچیلەی و دەرچوونی لە پشتییەوە، گیانی لەدەست دا.

لە ئاکامی دەستڕێژی هێزە نیزامییەکاندا، هاووڵاتییەکی دیکەش بەسەختی بریندار بووە.

یووسف مامەپوور، کوڕی ئیبراهیم، خێزاندار و خاوەنی کوڕی ساوا بووە.

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە یووسف مامەپوور، هاووڵاتیی بێچەک و ئاژەڵدار، لە کاتی گواستنەوەی ئاژەڵ لە سنووری «بەردەسیان»، نیشانەی پێشێلکردنی سەرەڕۆیانەی مافی ژیان و بەکارهێنانی نایاسایی و نەگونجاو لە هێزی کوشندەیە و بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆی هێزە حکوومییەکان و ناوەندە بەرپرسەکانە. حکوومەت ئەرکدارە پارێزگاری لە مافی ژیانی هاووڵاتییان بکات، لە بەکارهێنانی هێزی کوشندە دژی کەسانی بێچەک خۆ بپارێزێت و لە حاڵەتگەلێکی وادا وەهادا سەبارەت بە مرۆڤکوژیی لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی خۆی بکۆڵێتەوە و وڵامدەر بێت.

 

وێنەیەک لە راگەیەندراوی کۆچی دوایی یووسف مامەپوور