سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «پووریا نادری»، لاوی کوردی ۲۹ ساڵان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان کە لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا بۆ ماوەی ۶ مانگ و پێشتریش لە ڕەوتی «ژن، ژیان، ئازادی»دا ۳ مانگ دەسبەسەر کرابوو، دوای ناسینەوەی بە مەبەستی دەسبەسەرکردن، لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بە دوو فیشەکی هێزەکانی ئینتزامیی بنکەی «دەوڵەت ئاوا»ی کرماشان دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. تا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، کاتژمێر ۱۱ی بەیانی، «پووریا نادری»، لاوی ۲۹ ساڵانی کوردی یارسان، لە کاتێکدا لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی بنکەی «دەوڵەت ئاوا»ی کرماشانەوە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەک و لە ئاکامی بەرکەوتنی فیشەکێک لە سەری و فیشەکێکی دیکە لە دڵی، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا، «پووریا نادری» لەلایەن هێزە ئەمنییەتییە جل‌شەخسییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ۶ مانگ بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتەی میلیاردی ئازاد کرا. لە درێژەی ئەم دەسبەسەرکردن و دۆسیەسازییە ئەمنییەتییەدا، ناوبراو چەندین جار بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، لەوانە ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپاوە، بانگ کرا. هەروەها ئاگاداریی دادگای بۆ هاتبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو و خۆی لە مەترسیی جددیی گیانیدا دەبینییەوە، لە سەردانکردنی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دوای بانگکردن و ناساندنی خۆی، خۆی دەپاراست.

ئەم سەرچاوە نزیکە لە بنەماڵەکەی؛ هۆکاری خۆپاراستنی «پووریا نادری» لە سەردانکردن و ناساندنی خۆی بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی بۆ مەترسی و هەڕەشەی گیانی گەڕاندەوە و وتی کە ئەو خۆی لە مەترسیی گیانیدا دەبینییەوە و بەم هۆیەوە لە خۆناساندن دوای بانگکردنە یەک لەدوای یەکەکان ترسی لێ نیشتبوو کە بکوژرێت.

سەرەنجام، ئەمڕۆ پێنجشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، دوای ناسینەوەی «پووریا نادری»، هێزە ئینتزامییەکانی بنکەی «دەوڵەت ئاوا» هەوڵی دەسبەسەرکردنیان دا، بەڵام ناوبراو لە ڕێگەی شارۆچکەی «دەوڵەت ئاوا» بۆ «دەرەدرێژ» کەوتە بەر دەستڕێژی دوو فیشەک و بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک لە سەر و دڵی گیانی لەدەست دا.

«پووریا نادری» هەروەها لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ۱۴۰۱دا دەسبەسەر و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

پووریا نادری، ۲۹ ساڵان، کوڕی محەممەد، خێزاندار و بە بنەچە لە کوردانی پەیڕەوی ئایینی یارسان، لە عەشیرەتی «سووزەوەڵە» و خەڵکی ئاوایی «دووشێمان» لە ناوچەی زەهاوب و دانیشتووی درەدرڕێژ لە کرماشان بوو و سەرقاڵی کاری ئازاد بوو.

 

وێنەیەک لە راگەیەندراوی کۆچی دوایی پووریا نادری
وێنەیەک لە راگەیەندراوی کۆچی دوایی پووریا نادری