٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی تەمەن ٥٨ ساڵانی خەڵکی بۆکان، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکانەوە سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٥ بەم ژنە کوردە ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە و دوای دەسبەسەرکردنی، بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێیان کردبوو.

هێزە ئەمنییەکان هەروەها دەستیان بەسەر لەپتاپ، مۆبایل و بەشێک لە کتێبەکانی ناوبراودا گرتووە و زەوتیان کردوون.

ئەم هاووڵاتییە دوای ١٥ ڕۆژ دەسبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

مەنیژە خۆشنوود ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ۱۴۰۳ش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٣ دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی بۆکان گواسترایەوە و ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا و ئەم بڕیارە ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.