ئێوارەی چوارشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «عابید عەلیزادە»، لاوی خەڵکی تیکاب و چالاکی بواری میدیا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتگیریی لە خەڵک، گیانبەختکرتووانی بەفرانبار و فەرهەنگ و زمانی کوردی دەکرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ «عابید عەلیزادە»، کوڕی مەولوود و دانیشتووی «شەریفاوا»ی تیکاب، کاتژمێر ۸ی شەو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتگیریی لە ناڕەزایەتییە ڕەواکانی خەڵک دژی گرانبوونی نرخەکان، ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە نەیار ئەژمارکردنی ناڕازییان، پشتگیری لە زمان و فەرهەنگی کوردی و کوردناسی و بەگشتی پەیوەندیدار بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەوە چالاکیی دەکرد.

عابید عەلیزادە خێزاندارە. ناوبراو لەم دواییانەدا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە ڕێوڕەسمی مارەبڕینی خۆی وتبووی: «بە ڕێزگرتن لە هەموو گیانبەختکرتووانی ئەم ماوەیە ئێمە ڕێوڕەسمی مارەبڕینمان ساز کرد و ڕێوڕەسمەکەمان بە شێوەیەکی سادە و بەبێ هیچ خۆشییەک بەڕێوە برد، بەو هیوایەی ڕۆژێک خەڵکی خۆشەویستی ئێران بگەنە ئەو شتەی کە شایستەیانە.  سپاسی هەموو ئێوەی خۆشەویست دەکەم کە پیرۆزباییتان لێ کردووین. بە هیوای ڕۆژانی باشتر.»

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.