كوردپا: دووەمین رێوڕەسمی نەریتی پیرشالیار ناسراو بە زەماوەندی "پیر" كە یەكێكە لە ئایینە نەریتی و كەوناراییەكانی بەرلە ئیسلام سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ بە قوربانی كردن و بە بەشداریی سەدان هاووڵاتیی ناوچەكە و میوانانی ناوچەكانی دیكەی كوردستان گوندی "هەورامان تەخت"ی سەر بە سەوڵاوا دەستی پێكرد.

ناوچەی هەورامان زێدی پەروەردەی كەسانێكی رەنجكێشە كە كۆڵنەدان لە كێوە گەردن كەشەكان و جوانی و خوو و سرێشتی نەرم و نیانی لە سروشت و گوڵە نەرم و نیانەكانی داوێنی بێ‌وێنەی زنجیرە كێوەكانی شاهۆ و زاگروس بە میرات بردووە.

وشەی "هەورامان" لە دوو بەشی "هەورا" بە واتای "ئەهوورا" و "مان" بە واتای ماڵ و زێد و نیشتمان پێكهاتووە، كەوایە هەورامان بە واتای نیشتمانی ئەهۆوورایی و شوێنی لەدایك بوونی ئەهوورا مەزدایە.

هەواڵدەریی ئیرنا لە راپۆرتێكدا نووسیویە، رێوڕەسمی پیرشالیار هەر لە سەردەمانی زۆر دوورەوە لە گوندی هەورامان تەخت بەڕێوە چووە و بە بۆنەی ساڵڕۆژی زەماوەندی پیرشالیار بەڕێوە دەچێت.

بەپێی دەقی سەرچاوە مێژووییەكان پیرشالیار پیرێكی رۆحانی و خواناس و یەكێك لە موغانی سەردەمی زەردەشتی پێغەمبەر بووە و لەلای خەڵكی هەورامان رێزێكی زۆری هەیە و كتێبەكەی پیشانی كەسانی بێگانە نادەن و وتەكانی لەباتی مەتەڵ بەكار دەهێنرێ‌.

رێوڕەسمی جێژنی زەماوەندی پیرشالیار هەر ساڵە لە لە مانگی رێبەندان و لە سەرەتای چلە بووچكەلە، لە سێ‌قۆناغ و لە ماوەی سێ‌حەفتەدا و لە دوایین شەوی سێشەممەی نیوەی مانگی رێبەندان و بە ئامادە بوونی خەڵكی ناوچە، گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی لە بەخشی "هەورامان تەخت"ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە پارێزگای كوردستان بەڕێوە دەچێت.
لە ماوەی ئەو سێ‌رۆژەدا كە ئەو رێوڕسمە بەڕێوە دەچێت، نەریت و دابە مەزهەبییەكانی "كڵاو رۆچنە، قوربانی كردنی مەڕ و بزن، لێنانی چێشتی تشین، دەف ژەنی و سەمای عیرفانی و تەواف كردنی كەوشی چەرمیی پیر شالیار"لەناو بەشدار بوان بەڕێوە دەچێت.

هەروەها رۆژی 15ی بانەمەڕی هەموو ساڵێك رێوڕسمێكی دیكە بەناوی "كۆمسای" لەسەر زیارەتگە و گڵكۆی پیرشالیار بەڕێوە دەچێت.

وێنە: میهر