كوردپا: بەهۆی بارینی زۆری بەفر و هەرەسی رنوو دوو كوڵبەری كوردی ناوچە سنوورییەكانی سەردەشت گیانیان لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە سەردەشت، دوو هاووڵاتیی بە ناوەكانی ئیسماعیل و رەحیم ئەحمەدی كوڕی حاجی عەبدوڵڵا خەڵكی گوندی شەڵماش لە پشت گوندی سەرشیو لەو ناوچەیە بوونەتە ژێر رنووی بەفرەوە و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە.
بەوتەی شایەتحالان هەتا ئێستا نەتوانراوە تەرمەكانیان لە ژێر بەفر دەربهێنرێت.
چەند رۆژ لەمەوبەریش دوو كوڵبەری دیكەی كورد بە ناوەكانی هیوا نەقشبەندی و رەحیم عەمیدی خەڵكی گوندی واشەمەزین لە نزیك ئاوایی "بنووخەڵەف"ی سەردەشت بوونە قوربانیی هەرەسی بەفر و گیانیان لەدەست دا.
هاووڵاتيیانی كوردی ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی ئێران لەبەر بێدەرەتانی و بۆ بژێوی ژیانیان پیشەی پڕ مەترسیی كوڵبەری هەڵدەبژێرێن و هەرچەند جار هەواڵی گیان لەدەست دانیان، بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، مانشێتی هەواڵەكان بە خۆیەوە تەرخان دەكات.





