وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد، بۆ جاری دووەم لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی «بەغی» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا و ئەم بڕیارە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥دا بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندرا.
ئەمیر سەجادی، یەکێک لە پارێزەرانی وریشە مورادی لە گفتوگۆیەک لەگەڵ «ئێمتداد»، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، دەربارەی وردەکارییەکانی ڕایگەیاندووە: «دوای گەیشتنی ئاگادارکردنەوە لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران لە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەزبەردا، یەکێک لە پارێزەرانی وریشە مورادی (میرزایی)، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەردا، سەردانی لقی ناوبراوی کرد و بڕیاری دەرچوو لەلایەن ئەم لقەوە پێی ڕاگەیەندرا. بەپێی بڕیارە ڕاگەیەندراوەکە، کە تا ٢٠ ڕۆژ دەکرێت لە دیوانی باڵای وڵاتدا داوای پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، لقی ناوبراو، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپی "باغی"دا ، دیسانەوە سزای سێدارەی بەسەر وریشە مورادی (میرزایی)دا سەپاندووە.»
کەیوان عەزیزی، یەکێکی دیکە لە پارێزەرانی وریشە مورادی، لەم گفتوگۆیەدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە بڕیاری دەرچوو، جەختی کردەوە: «ئەم بڕیارە لە بارودۆخێکدا دەرچووە کە بڕیاری پێشووی لقی ١٥ی دادگای ئینقلاب سەبارەت بە دەرکردنی سزای سێدارە بۆ وریشە مورادی، بە هۆی گومانە جیدییەکان لە لێکۆڵینەوەکاندا، لەلایەن لقە لێکۆڵەرەوەکەوە لە دیوانی باڵای وڵاتدا هەڵوەشابووەوە، بەڵام مخابن لقی ١٥ی دادگای ئینقلاب بێ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی مەبەستی لقی دیوانی باڵای وڵات، تەنیا بە گۆڕینی ناونیشانی تۆمەتەکە، دیسانەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپی "باغی"دا، سزای سێدارەی بەسەر ناوبراودا سەپاندەوە.»
١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ سزای سێدارەی وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا و ڕەچاونەکردنی ڕێکارە یاساییەکان لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە.
وریشە مورادی (جوانا سنە)، چالاکی ژنی کورد، لە ڕۆژی سێشەممەی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە دەوروبەری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
خانم مورادی دوای دەسبەسەرکردن بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە و دوای دوو حەفتە لێپرسینەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە کۆتاییەکانی گەلاوێژی ١٤٠٢ بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە. ئەم ژنە چالاکە کوردە دوای ٥ مانگ ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسیدا، لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢ بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردییە دەسبەسەرکراوە لە بەندیخانەی ئێڤین، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئەبولقاسم سەڵەواتی» بە تۆمەتی «بەغی» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.




