١ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکردنی «محەممەد دانشمایە» لاوی کوردی خەڵکی پیرانشار لە نیوەشەودا، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە دوو کەس. پێشتر کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکردنی «سۆران مەحموودی» بڵاو کردبووەوە. هەر دوو هاووڵاتییەکە پێشینەی دەسبەسەرکردن و سزادانیان بە بەندکران هەیە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردپا؛ نیوەشەوی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی «سۆران مەحموودی»، کوڕی خالید، و «محمد دانشمایە» کە بە « محەممەد بێوەفا»ش دەناسریت، کوڕی قادر و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرانەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژ بەم دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراوان تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان زانیاری لەبەر دەستدا نییە.

«سۆران مەحموودی» سەرەتای ڕەزبەری ١٤٠٢ش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و کۆتاییەکانی هەمان مانگ، دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتی لە پیرانشارەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوێزرایەوە. پاشان لە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ بە دانانی بارمتەی() سێ میلیارد تەمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

سۆران مەحموودی لە کۆتاییدا لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «دووستی»، بە تۆمەتی «ئەندامێتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی ئێران» سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. 

هەروەها «محەممەد دانشمایە»ش لە ساڵی ١٤٠٢دا دەسبەسەر کرا و ماوەیەک لە دەسبەسەر بوو و پاشان سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.