٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «ئاوات نووری»، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «ئاوات نووری» خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. ئاوات نووری هەروەها لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.