ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی «کەریم ڕەسووڵی» خەڵکی گوندی «ئیندرقاش»ی سەر بە ناوچەی «شاروێرانی» مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەکان لە یەکێک لە شەقامەکانی مەهاباد بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە کە ئەندامی شۆرای گوندی «ئیندرقاش»یشە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیاری سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها «کەریم ڕەسووڵی» لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.