ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، زاھیر قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «گامێشگۆلی» سەر بە میاندواو، دوای ناساندنی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای ئەوە دەسبەسەر کرا کە باوکی، «لوقمان قوربانی»، لە جێگەی ئەو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرابوو تا ئەو کاتەی زاھیر خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو نەناسێنێت، باوکی ئازاد ناکرێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەکان لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ بۆ دەسبەسەرکردنی زاھیر قوربانی هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی و دوای سەرکەوتوو نەبوون لە دەسبەسەرکردنیدا، باوکی، واتە «لوقمان قوربانی»یان لە جێگەی ئەو دەسبەسەر کردبوو.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو: دوای ئەم هەڵسوکەوتە، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا کە تا کاتی ناساندنی زاھیر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو، لوقمان ئازاد ناکرێت. لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «زاھیر قوربانی» خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو ناساند و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا. دوای دەسبەسەرکردنی زاھیر، «لوقمان قوربانی»ش ئازاد کرا.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتە ئەگەرییەکانی دژ بەم هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم بارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.





