ئاژانسی کوردپا: ئاگری شاخەکانی شاری ڕوانسەر، بە هیمەتی چالاکانی ژینگەپارێزی و مەدەنیی ئەو شارەوە، کۆنترۆڵ کرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، شاخەکانی شاری ڕوانسەر ئاگریان تێبەردرا و خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی ئەو شارە گەیاند.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئاگرکەوتنەوەکە لە لایەن دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێران لەو ناوچەیە بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستان بووە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: "ئەو شوێنانەی کە ئاگریان تێبەردراوە بریتین لە شاخەکانی نێوان جادەی ڕوانسەر- کامیاران، بەرزاییەکانی یەڵەوڕ و دەوروبەری مەنبەعی ئاوی ڕوانسەر".
ڕایشیگەیاند: "ئەو ئاگرکەوتنەوەیە، چەند کاتژمێرێکی خایاندووە و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندییەدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، ڕایانگەیاندووە کە ئیمکاناتیان نییە و چالاکانی ژینگەیی و مەدەنی، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە".





