ئاژانسی کوردپا: شاخەکانی بڵواناوا و گوندەکانی دەوروبەری، بە بیانووی بوونی "کانگاکان"، لە لایەن تیمێکی ئیسفەهانییەوە، کاول دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شاخەکانی گوندەکانی: "بڵواناوا، سوورمەڵێ، خۆرەتاوی گەورە و خۆرەتاوی چووکە"، لە لایەن سپای پاسدارانەوە، بە بیانووی بوونی "کانگا" لەو شاخانە، ڕادەستی گرووپێکی ئیسفەهانی کراوە و ئەمەش ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەو گوندانەی لێکەوتووەتەوە".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "سپای پاسداران نزیکەی یەک مانگ دەبێت کە ئەم شاخانەی بە بیانووی بوونی کانگا، ڕادەستی ئەو گرووپە ئیسفەهانییە کردووە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: "ناڕەزایەتیی دانیشتووانی گوندەکانی لەیلاخ، بەتایبەتی گوندی بڵواناوا، بوو بەهۆی پێکدادان و تەنانەت دەسبەسەرکردنی چەند هاووڵاتییەک و لە پاش ڕۆژێک ئازاد کران".
سەرچاوەی کوردپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا وتی: "هاووڵاتییانی گوندی بڵواناوا، بە هاوکاریی ئەنجومەنی سەوزی چیای بڵواناوا، بە ڕێپێوان و بە دروشمی "سوورمەڵێ دەتپارێزین"، دەستیان بە ڕێپێوان کردووە و ئەم کردەوەیان مەحکووم کردووە".
دانیشتووانی گوندەکانی بڵواناوا و دەورووبەری، داوایان لە هاووڵاتییانی کوردستان کردووە کە پشتیوانیی خۆیان لە دانیشتووانی ئەو گوندانە دەرببڕن و ئەم کردەوەی سپای پاسداران کە دەبێتە هۆی تێکدانی ژینگەی ئەو ناوچەیە مەحکووم بکەن.
یەکێک لە دانیشتووانی گوندی بڵواناوا بە ئاماژەدان بەو هەوڵەی سپای پاسداران وتی: "مەبەستی سپای پاسداران، چۆڵکردنی گوندی بڵواناوا، لە لایەن دانیشتووانی ئەو گوندە و گوندەکانی دیکەیە".
ئەو هاووڵاتییە هەروەها گوندی "مەیموون ئاوا" بە نموونە دەهێنتەوە کە شاخەکانی ئەو گوندەیان بە بیانووی بوونی "کانگا" تێکداوە و ئەمە بووە بەهۆی چۆڵکردنی ئەو گوندە لە لایەن دانیشتووانیەوە.
ناوبراو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: "گرووپە ئیسفەهانییەکە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەم شاخانە گرێبەستیان هەیە و هەر ئەم کارە ئەنجام دەدەن".





