ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسداران، کە بە ناوی کۆڵبەر و بۆ کاری سیخوڕی لە کۆڵبەران، کۆڵبەریی دەکرد، لە لایەن سپای پاسدارانەوە تەقەی لێکرا و بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە، ١٥ی جۆزەردان، لە ئەنجامی بۆسە دانانی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران، کە بۆ سیخوڕیکردن لەگەڵ کاسبکاران کۆڵبەریی دەکرد، پێکرا.
ئەم مۆرەیەی سپای پاسداران، بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و شارەزابوون لە شوێنی هاتوچۆی کۆڵبەران بۆ کاسبی کردن، دەستنیشان کراوە.
شوناسی ئەم ئەندامەی سپای پاسداران، بە ناوی "ی.ت"، بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیەندراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "ئەم مۆرەیەی حکوومەت، یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسدارانە و بۆ کاری سیخوری دەستی بە ناو کاری کۆڵبەری کردووە و لە ڕاستیدا، خەریکی سیخوڕی کردنی کۆڵبەرانە و ڕاپۆرتیان ڕادەستی سپای پاسداران دەکات."
ئەم سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە برینداربوونی ئەم ئەندامەی سپای پاسداران، لە شوێنێک بە ناوی "خێوەتگە"دا بووە.





