٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «حەیدەر قادریان»، هاووڵاتیی ٤٥ ساڵانی خەڵکی سەقز، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «حەیدەر قادریان»، هاووڵاتیی دانیشتووی گەڕەکی «بەردەبڕان»ی سەقز، بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.





