٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «سەردار ڕامین»، هاووڵاتیی ٣٠ ساڵانی خەڵکی نەغەدە و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، هیچ وڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە و بەجیددی نیگەرانی دۆخ و گیانی ناوبراون. ئەو تەنانەت لە مافی پەیوەندییەکی تلفۆنیی کورتیش بێبەش کراوە.

کۆتاییی خەرمانانی ١٤٠٥، بە ئەگەری زۆر ٢٨ی خەرمانان، «سەردار ڕامین»، هاووڵاتیی ٣٠ ساڵەی خەڵکی ئاوایی «قاڕنێ» سەر بە شاری نەغەدە و دەسبەسەرکراوی سیاسیی پێشوو، لە شاری نەغەدە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواسترایەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و تەنانەت لە مافی پەیوەندییەکی تلفۆنیی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەش کراوە.

«سەردار ڕامین» پێشتریش پێشینەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هەبووە. ناوبراو ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بەلگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرئەنجام دوای ٦٩ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ئازاد کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.