٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ ڕۆژی ڕابردوو، «ئیبراهیم کەڵەشی»، کرێکاری بیناسازیی خەڵکی ئاوایی «بالوو» سەر بە ورمێ، لە کاتی کارکردندا لە سەر بینایەک، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «ئیبراهیم کەڵەشی»، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی «بالوو» سەر بە ورمێ، لە کاتی کارکردندا لە سەر بینایەک بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە گیانی لەدەست داوە.

«ئیبراهیم کەڵەشی» خێزاندار بووە و باوکی دوو منداڵە.

بەپێی ئاماری فەرمیی پزیشکی دادوەری، لە ساڵی ١٤٠٣دا، هەزار و ٩٨٦ کەس لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەست داوە کە ٩٥٧ کەسیان واتە ٤٢٪ بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە بووە؛ هەروەها لە ١١ مانگی ساڵی ١٤٠٤دا، هەزار و ٨٧٩ کەس لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەست داوە کە ٩٣١ کەسیان واتە ٤٩.٥٪یان پەیوەندیدار بە کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە بووە.