كوردپا: كتێبی حێماسی و كوردی برزوونامە كە یەكێكە لە دەقە كۆن و رەسەنەكانی ئەدەبی میللیی و حیماسیی كورد لە دەڤەری كرماشان، پاش هەوڵ و تێكۆشانی توێژەران چاپ و بڵاو كرایەوە.
جەلیل ئاهنگەرنژاد شاعیر، توێژەر و كۆكەرەوەی ئەم دەقە لە دیمانە لەگەڵ هەواڵنێری كوردپرێس وتی: دوای چەند ساڵ هەوڵ و ماندوونەناسی لەگەڵ توێژەری ناسراو "قامەت پەرویزی" توانیمان ئەم دەقە بە داڕشتنەوەی كوردی ئاراستەی هۆگرانی ئەدەبی حیماسی بكەین.
ئەم شاعێر و توێژەرە لەمەڕ گرینگیی دەقی "برزوونامە" راشیگەیاندووە: ئەم دەقە لە لایەكەوە دەقێكی مێژووییە و لەلایەكی دیكەشەوە یەكێكە لە بەرچاوترین و شازترین دەقەكانی ئەدەبی حیماسی نەتەوەی كورد و دواجار بەهۆی داڕشتنی رەوایی و حەقایەت ئاسای، جیاوازە لە دوو دەقی هاوناوی لە زمانی فارسی و رەنگە لەوانیش سەركەوتووترە.
ئاهەنگەرنژاد ئەوەشی خستە روو، بەشی سەرەكیی دەقی برزوونامە بە شێوە نووسینی كوردی داڕێژراوەتەوە و بەشەكانی دیكەی وەك پێشەكی و شرۆڤە كردن كە زیاتر لە 150 لاپەڕەیە، بە زمانی فارسیە.
برزوونامە بە پێشەكیی دوكتور میر جەلالەدین كەزازی لە 480 لاپەرە و لە تیراژی 3 هەزار دانە لەلایەن بڵاوكراوەی "باخی نەی" لە كرماشان بە كتێبخانەی ئەدەب و كولتووری كوردی زیاد كراوە.





