كوردپا: سیاگاو تەنیا زەریاچەی دوانەی ئێرانە كەلە ئیلام هەڵكەوتووە، یەكێكە لە شوێنەوارە سروشتییەكانی دونیا، بەڵام هەتا ئێستا ئەم زەریاچە سەرنجڕاكێشە لە چاوی گەشتیاران بەدوورە و پەراوێز خراوە.
هەواڵدەریی میهر لە راپۆرتێكدا نووسیویە، لە پارێزگای بچووكی ئیلامدا زۆر شوێنەواری مێژوویی، كەونارایی و سروشتی هەن كە سەرنجی بینەران رادەكێشن، بەڵام بەپێی پێویست گرینكییان پێنادرێ، یان لە ناوەندی شوێنەوارە میللییەكان تۆمار نەكراون و پارێزگارییان لێناكرێت.
"سیاگاو"كە یەكێكە لە زەریاچە دەگمەنەكانی دونیا كەلە جادەی نێوان گوندەكانی شووشە و "سیاگاو" لە شاری ئابدانانی سەر بە پارێزگای ئیلام دایە و شوێنەوارێكی جوان و سەرنجڕاكێشە كە بە شێوەی دوو بەشی وەك یەك و دوانە لە سێهێكتار زەویدا هەڵكەوتووە.

ناوی سەرەكیی ئەم زەریاچەیە بەهۆی رەنگی رەشی ئاوەكەیەوە، "سیا ئاوە" بووە و ئاوەكەشی بە كەڵكی خواردنەوە دێت و لەوانەیە بەهۆی شكڵی كەوانە "شاخە گا"بوونیەوە بە زەریاچەی سیاگاویش ناو نرابێت.
دەوروبەری گوڵ و گوڵزار و شاخ و كێوی نیوە بەرز و بوونی ئاژەڵ و باڵندەی جۆراوجۆر هێندەی دیكە بە جوانییەكانی ئەو زەریاچەیەی زیاد كردووە.
هەواڵدەریی میهر لە درێژەی راپۆرتەكەیدا نووسیویە، ئاوی سیاگاو لە كانیی ژێر زەوییەوە دابین دەكرێت و بە وتەی خەڵكی ناوچەكە هەمیشە ئاوی هەیە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی وشكەساڵی ئاوی ئەو زەریاچەیە نەختێكەمی كردووە، ئاوی زوڵاڵ و خاوێن بۆتە هۆی ئەوەی كە بە یەكێك زەریاچە دەگمەنەكانی دونیا بناسرێت، بەڵام هەتا ئێستا ئەم شوێنەوارە سروشتیە لە ئێران نەناسراوە و لە چاوی گەشتیاران بەدوور ماوەتەوە.
.

هەرچەند سیاگاو لایەنی سەرنجڕاكێش و جوانیی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئاسەواری كەمتەرخەمی و لەبیر كران بە سیمایەوە دیارە كە جێگای داخە.
رژانی رۆن بۆ ناو ئاوەكە، بوونی زبڵ لە دەورووبەری و نەبوونی ئیمكاناتی خزمەتگوزاری و گەشتیاریی پێویست بوونەتە هۆی ئەوەی كە ئەم شوێنەوارە دەگمەنە سروشتیە لەبیر بكرێت و هەتا ئێستا بە شێوەی فەرمی تۆمار نەكراوە.

كەم نین ئەو شوێنەوارە سروشتییانە لە ئیلام كە بەهۆی كەمتەرخەمی لەناو دڵی شیو و كێوەكان ماونەتەوە و كەسیش نیە بە شێوەی پێویست كەڵكیان لێوەربگرێت.
شاری ئابدانان لە داوێنی باشووری كێوی "كبیر كوە" هەڵكەوتووە و بەهۆی بوونی ئاوی زۆر لێڕەوار و دارستان، خاوەنی زۆر زەوی و زاری كشتوكاڵی و هەروەها خاوەنی گەلێك شوێنەواری سروشتی و گەشتیارییە.
وێنە : میهر





