٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لەلایەن کەسانی هەلپەرستەوە هەوڵگەلێک بە مەبەستی تێکدان و لەنێوبردنی ژینگە و دارستانەکانی ناوچەی مێژوویی و هێمایینی «سلێمان بەگ»ی بانە ئەنجام دراوە. ئەم کارانە بە ئامانجی داگیرکردنی زەوی، پارچەپارچەکردن و گۆڕینی ئەم ناوچەیە بۆ زەویی شیاوی فرۆشتن و بیناسازی کراون؛ ناوچەیەک کە ژینگەی داربەڕووە بەتەمەنەکان و شوێنی گۆڕستانە کۆنەکانی بانەیە. ئەم هەنگاوانە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی خەڵک، بەتایبەت چالاکانی ژینگەپارێزی بانە بووەتەوە. لەم پەیوەندییەدا، ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی «پاژین» بەدواداچوونی یاسایی بۆ بابەتەکە دەست پێکردووە و «شۆرای ئێفتای شاری بانە»ش ئەم کارانەی لە ڕووی شەرعییەوە بە «حەرام و داگیرکاری (غەسب)» زانیوە و داوای وڵامدانەوەی دامودەزگا حکوومەتییە پەیوەندیدارەکانی کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا بەشێک لە سروشتی ناوچەی سلێمان بەگ، کە یەکێکە لە ناوچە هێمایینەکانی بانە و شوێنی یەکێک لە گۆڕستانە کۆنەکانی ئەم شارەیە، پارچەپارچە کراوە و چەند کەسێک بە مەبەستی گۆڕینی بۆ زەویی فرۆشتن و بیناسازی، دەستیان داوەتە بڕینەوە و تێکدانی دارەکان و لەنێوبردنی ژینگەکەی، لەوانەش داربەڕووە بەتەمەنەکان. ئەمە لەکاتێکدایە کە گۆڕستانە کۆنەکانیش لەم ناوچەیەدا هەڵکەوتوون.

خەڵک ناڕەزایەتییان بەرانبەر بەم کارانە دەربڕیوە، بەڵام دامودەزگا حکوومەتییە پەیوەندیدارەکان تا ئێستا هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە. ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: «ئەو کەسانەی ئەم ناوچەیە تێک دەدەن، پشتیوانیی دەوڵەتیان هەیە؛ چونکە ئەگەر وانەبووایە نەیاندەتوانی ژینگەی ناوچەکە لەنێو ببەن و بیکەنە زەویی شیاوی فرۆشتن». بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دامودەزگا حکوومەتییە پەیوەندیدارەکانیش تا ئێستا هیچ سەرنجێکیان نەداوەتە ئەم بابەتە و بەدواداچوونێکی کاریگەریان لەمبارەیەوە نەکردووە. ئەو وێنانەش کە بە دەستی کوردپا گەیشتوون، بڕینەوە و تێکدانی دارە بەتەمەنەکانی ئەم ژینگەیە نیشان دەدەن.

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی «پاژین»ی بانەش لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە مەترسیی تێکدان و داگیرکردنی ژینگەی ناوچەی «سلێمان بەگ» و بەتایبەت گۆڕستانە مێژووییەکەی، ڕایگەیاندووە کە گۆڕستانی «سلێمان بەگ» یەکێکە لە هێماکانی شاری بانە و زۆرێک لە بنەماڵەکانی ئەم شارە ئازیزانی خۆیان لەم شوێنەدا بە خاک سپاردووە. تەنانەت گرنگیی ئەم ناوچەیە چووەتە نێو شیعر و گۆرانییەکانەوە و هەمووان گۆرانیی «گوڵە زەرد و سوورەکانی سلێمان بەگی بانە»یان بیستووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ئەنجومەنە، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، چەند کەسێک بە مەبەستی داگیرکردنی زەوی دەستیان داوەتە تێکدانی ژینگە و داربەڕووە کۆنەکانی ئەم ناوچەیە؛ بە جۆرێک کە داربەڕووە بەتەمەنەکانیان لە ڕەگەوە هەڵکەندووە، زەوییەکانیان هەڵکۆڵیوە و پارچەپارچەیان کردوون. ئەم کەسانە کارەکانی خۆیان لەژێر ناوی کاری خێرخوازی پاساو داوە. دوای ئەوەی خەڵکی ناوچەکە ئەندامانی ئەنجوومەنی پاژینیان لەم تێکدانانە ئاگادار کردەوە، ئەندامانی ئەنجومەنەکە لە کاتی چوونیان بۆ شوێنەکە، لەلایەن ئەو کەسانەوە ڕووبەڕووی جنێودان و هەڕەشە بوونەتەوە.

لە دوای ئەم کارانە، چالاکانی مەدەنیی بانەش ناڕەزایەتیی خۆیان ڕاگەیاند و ئەنجومەنی پاژین داوای بەدواداچوونی یاسایی بۆ بابەتەکە کرد. ئەم ئەنجومەنە جەختی کردووەتەوە کە دارستان و گۆڕستانەکان موڵکی گشتین و هی هەموو خەڵک و نەوەکانی داهاتوون.

هەروەها «شۆرای ئێفتای شاری بانە» لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە داگیرکردن و بیناسازی لە گۆڕستانی مێژوویی سلێمان بەگ ڕایگەیاندووە کە بەپێی شایەتیی ڕیشسپییان، ئەم ناوچەیە یەکێک بووە لە گۆڕستانە کۆنەکانی موسڵمانان. ئەم شۆرایە بە پشتبەستن بە شایەتیی بەساڵاچووانی ناوچەکە و فەرموودەکانی پێغەمبەر، هەر جۆرە داگیرکردنی زەوی، کڕین و فرۆشتن، جیاکردنەوەی زەوییەکانی ئەم سنوورە و بیناسازییەکی تێدا لە ڕووی شەرعییەوە بە «حەرام و داگیرکاری» زانیوە. شۆرای ئێفتا هەروەها وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوەی یاسایی لە ڕەسەنایەتیی بەڵگەنامە گریمانەییەکانی داگیرکاران، داوای لە لاوان کردووە خۆیان لە پێکدادان و کاری سەرەڕۆیانە بەدوور بگرن و داواشی لە بەرپرسانی پەیوەندیدار کردووە ڕێگری بکەن لە پێشێلکردنی مافی گشتی و بێڕێزیکردن بە گۆڕی مردووان. 

لە درێژەدا ئەنجومەنی پاژین ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ ڕایگەیاند کە بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەم بابەتە بە پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکان ئەنجام داوە و هێشتا بەردەوامە لە بەدواداچوونەکانی. لەگەڵ ئەوەشدا، بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکەی کوردپا، ئەم ئەنجومەنە تا ئێستا هیچ وڵامێکی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت لە بانە وەرنەگرتووەتەوە.

لە وێنەکانی دیکەدا کە ئەنجوومەنی پاژین بڵاوی کردوونەتەوە، هەڵکۆڵینی زەوییەکانی ئەم ناوچەیە و ئەو کێلانەی گۆڕستان دەبینرێن کە لە شوێنی خۆیان دەرهێنراون.

لە کاردانەوە بە تێکدانی دارەکانی ناوچەکە، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ژمارەیەک لە ژینگەدۆستانی بانە و ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی «پاژین» لە هەنگاوێکدا بۆ پشتگیریکردن لە سروشت، دەنکە بەڕووی دارە هەڵکەندراوەکانیان کۆ کردەوە تاکوو لە ناوچەی سلێمان بەگ و ناوچەکانی دیکە بیانچێنن. ئەم کەسانە بەم هەنگاوە ڕایانگەیاند کە لە بەرانبەر ئەو کەسانەی سروشت و دارە بەتەمەنەکان لەنێو دەبەن، جارێکی دیکە دەنکە بەڕووەکان دەچێنن تاکوو سەوز ببنەوە.

«سلێمان بەگ»ی بانە؛

  • ناوچەی «سلێمان بەگ»ی بانە، سەرەکیترین هێمای ناسنامەی کولتووری، ژینگەیی و یادەوەریی بەکۆمەڵی شارەکەیە کە جگە لەوەی ئارامگەی نەوەیەک لە کۆچکردووانە و ناوی لە شیعر و گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکاندا (وەک ئاوازی «گوڵە زەرد و سوورەکانی سلێمان بەگ») نەمر بووەتەوە، ژینگەیەکی زیندوو و نیشتمانی داربەڕووە بەتەمەنەکانی زاگرۆسە وەک سامانێکی نێوان نەوەکان و سییەکانی هەناسەدانی ناوچەکە دادەنرێت؛ هەر بۆیە هەوڵی هەلپەرستان بۆ هەڵکەندنی ئەم دارانە لە ڕەگەوە، پارچەپارچەکردنی زەوییەکان و هێرشکردنە سەر ئەم سنوورە پیرۆزە، لە لایەک گورزێکی کوشندە و قەرەبوونەکراوەی لە شادەمارە ژینگەییەکانی شارەکە داوە و لە لایەکی دیکەشەوە، بە داگیرکردنی ئاشکرای موڵکی گشتی و بێڕێزیکردنی ڕاستەوخۆ بە میراتی مەعنەوی و ناسنامەی مێژوویی کۆمەڵگەیەک دادەنرێت.  
لە ڕوانگەی مافی نێودەوڵەتیی مرۆڤەوە، تێکدانی ژینگە و داگیرکردنی گۆڕستانی مێژوویی «سلێمان بەگ»، نموونەیەکی زەقی پێشێلکردنی «مافی هەبوونی ژینگەیەکی تەندروست و بەردەوام» (بابەتی بڕیارنامەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان)، دەستدرێژیکردنە سەر «مافە کولتوورییەکان و میراتی مەعنەویی کۆمەڵگە خۆجێییەکان» (بەپێی ماددەی ١٥ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان) و تێکدانی ڕێکخراوی «موڵکی گشتی و هاوبەشییەکانی نێوان نەوەکان»ـە. هەروەها، بێدەنگی و بێهەڵوێستیی دامودەزگا حکوومەتییەکان لە بەرانبەر ئەم هەوڵە هەلپەرستانانە و وەڵامنەدانەوەی بەدواداچوونە یاساییەکانی ناوەندە مەدەنییەکان، بە نموونەی پێشێلکردنی «مافی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و دادگاییکردنی کاریگەر» و نیشاندەری «کەمتەرخەمیی دەوڵەت لە جێبەجێکردنی پابەندییە ئەرێنییەکانی خۆی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە بەرانبەر دەستدرێژیی کەسانی سێیەم بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ» هەژمار دەکرێت.