ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، «زەکەریا بادسار»، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، دوای بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای چوار مانگ بەندکران دەسبەسەر کراوە و ڕەوانەی بەندیخانەی بوکان کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم لاوە کوردە لە ڕەزبەری ١٤٠٥ لەلایەن دادگای ئینقلابی بوکانەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای چوار مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بە ناساندنی خۆیان وەک کارمەندی ئیدارەی گاز چوونە ناو ماڵی بنەماڵەی بادسارەوە. هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت «زەکەریا بادسار» لە ماڵدا نییە، باوکی بە ناوی «ئیسماعیل بادسار»یان لە جیاتی ئەو دەسبەسەر کرد.
دوای ئەم کارە، بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە تا کاتی ناساندنی زەکەریا بە ئیدارەی ئیتلاعات، ئیسماعیل ئازاد ناکرێت. پاشان، پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، «زەکەریا بادسار» خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان ناساند و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا. دوای دەسبەسەرکردنی زەکەریا، «ئیسماعیل بادساریش» دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کرا.
ئەم لاوە کوردە دوای بیست ڕۆژ دەسبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.





