بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، سزای لەسێدارەدانی «ئێرشاد عەباسی»، لاوی خەڵکی گوندی «زیارەت تەمەرخان»ی سەر بە سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی دێزڵاوای کرماشان جێبەجێ کرا.
«ئێرشاد عەباسی» نزیکەی دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی «کوشتن» لەلایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاشان لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، سزای لەسێدارەدانی پشتڕاست کرایەوە و بنەماڵەی کوژراوەکەش ڕەزامەندیی لێخۆشبوونیان دەرنەبڕی. ناوبراو بەر لە جێبەجێکردنی سزاکە، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تلفۆنییەوە لەگەڵ دایکیدا کە ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، داوای گەردن ئازادیی لە بنەماڵەکەی کردبوو.
«ئێرشاد عەباسی» کوڕی شەبنەم بەهرامی و ساڵح عەباسی و لە کوڕانی هۆزی «عالی»ی عەشیرەتی «باوەجانی» بوو.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێران یان سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.
لە پێکهاتەی سزای «قیساس»دا لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سەرجەم جۆرەکانی «کوشتنی ئەنقەست» تەنیا یەک سزایان هەیە کە ئەویش «قیساسی نەفس»ە، و هۆکارانی وەک بەرگریی ڕەوا، شەڕی نەویستراو، بارودۆخی ڕوودانی تاوانەکە، پاڵنەری تۆمەتبار یان بارودۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئەو، کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر خودی سزاکەدا نییە. جیانەکردنەوە لە نێوان جۆرەکانی کوشتن، بێ گوێدانە توندی، لاوازی و پاڵنەری ئەنجامدانی تاوانەکە، کە لە کۆتاییدا دەکرێت ببێتە هۆی دەرچوونی سزای لەسێدارەدان لەلایەک، و ڕادەستکردنی مافی سەندنی ژیان بە کەسوکاری کوژراو (ئەولیای دەم) لەلایەکی ترەوە، لەگەڵ بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی ئێران لە ژێر ماددەکانی ٦ و ١٤ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، بەتایبەت مافی ژیان و مافی بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە، لە دژایەتیدایە. هەروەها ئەم پێکهاتەیە لەگەڵ ئەرکە سەروەرییە دەستنیشانکراوەکان لە ڕێساکانی ۲۲ و ۱۵۶ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە بواری پاراستنی ئاسایشی گیانیی کەسەکان و هاتنەدیی دادپەروەریی گشتیدا جێگەی تێڕامانە.
لەبەر ئەوەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئێرشاد عەباسی تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن هیچکام لە ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان یان سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە، ئەم شاردنەوە و نەبوونی شەفافییەتە، وێڕای زەوتکردنی ئیمکانی چاودێریی گشتی و ڕاستهێنانەوەی پرۆسەی دادگاییکردنەکە، پێویستیی چاکسازیی بنەڕەتیی یاسایی لە بواری پلەبەندیکردنی تاوانەکانی سەر بە کوشتن و پێداچوونەوە لە پێکهاتەی ئێستای قیساسی نەفسدا زیاتر لە پێشوو دەردەخات.





