١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ ڕۆژی ڕابردوو، «فواد قادری»، پەرستاری خەڵکی جوانرۆ، دوای ٤٨ ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی کرماشان و ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی دیزڵاوای ئەم شارە، لە کاتێکدا شوێنەواری ئەشکەنجە و شکان بە جەستەیەوە دیار بوو، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەو لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، «فواد قادری» دوای ٤٨ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەیەکی قورس بە بڕی چەند میلیارد تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم سەرچاوەیە پشتڕاستی کردەوە کە ئەو لە ماوەی دەسبەسەرکرانەکەیدا، لە کاتی لێکۆڵینەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجە و لووت، پەراسووکان و پەنجەکانی پێی تووشی ئازار و شکان بووە.

پێشتر کوردپا ڕاپۆرتی دابوو کە ئەم پەرستارە کوردە دوای زیاتر لە حەفتەیەک دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات لە شوێنێکی نادیار، بە شوێنەواری سەختی ئەشکەنجەی جەستەیی، لەوانە شکانی چەند پەراسوو و لووتی، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان گواسترابووەوە. ئەو لەم ماوەیەدا لە هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێکی پزیشکی، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بوو و لە دۆخێکی ناڕوون و بەبێ مافی کەڵکوەرگرتن لە ئازادیی کاتی ڕاگیرابوو؛ بابەتێک کە نیگەرانییەکانی لەسەر دۆخی جەستەیی و گیانی ئەو زۆرتر کردبووەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، «فواد قادری»، هاووڵاتیی ٣٥ ساڵەی خەڵکی گوندی «سەرڕوود» سەر بە جوانرۆ کە لە سنە وەک پەرستار کاری دەکرد، لە ڕێگەی ڕوانسەر ـ کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. ئەو دوای چەند ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، لە کاتێکدا لە یەکێک لە گرتنگە نادیارەکاندا لەژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی سەختدا بوو، بۆ بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان گواسترایەوە. دوای دەسبەسەرکردنی ئەم پەرستارە لاوە، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی «فواد قادری» و وێڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکە، کەلوپەلی کەسیی ئەو لەوانە لەپتابەکەیان، لەگەڵ خۆیان برد.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕوون نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، ئەو لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکرانەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و تەنیا یەک پەیوەندیی تلفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.