۱۵ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی «دیار ئەبروون»، لاوی ۲۳ ساڵەی خەڵکی پیرانشار و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
ئەو لەم ماوەیەدا لە هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۱۱ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵، «دیار ئەبروون» بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها ئەو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندی لەگەڵ نزیکەکانی بێبەش کراوە.
کوردپا پێشتر هەواڵی دەسبەسەرکردنی دوو هاوڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشاری بە ناوەکانی «موراد حاسڵ ئەبووبەکری»، کوڕی بابەکر، و «سادق ئەبووبەکری»، ڕاهێنەری یانەی فووتباڵ و فووتساڵی «هەدەف»ی لە ڕۆژی دووشەممە ۱۱ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵ بڵاو کردبووەوە. بەم پێیە ژمارەی هاوڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە پیرانشار لە ماوەی یەک ڕۆژدا گەیشتە سێ کەس.





