١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەفتە لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «خالق خالیدی»، لاوی خەڵکی گوندی «بیژاوێ»ی سەر بە شنۆ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی هەر جۆرە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵە بێبەش بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێنەی پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەی بە کوردپای ڕاگەیاند کە «خالق خالیدی» لە کۆتایی ڕەزبەری ١٤٠٥دا، لە ڕەوتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تاکوو ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە کوردە نەزانراون و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها، خالق خالیدی لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تاکوو ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵە بێبەش بووە. سەرەڕای بەدواداچوونی کەسوکاری بۆ زانینی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی، تاکوو ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەگەیشتووە.