٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «ئەفشین عەزیزی»، هاووڵاتیی خەڵکی «دزە»ی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، کە لە ساڵی ١٤٠٤دا زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەرکرابوو، پاش سزادانی بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان»، بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکردنی داسەپاو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «ئەفشین عەزیزی» ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە. دادگای پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە هاوینی ١٤٠٥دا بەڕێوە چوو و سەرەنجام، یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی ورمێ ناوبراوی بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان» بە ٣ ساڵ بەندکردنی داسەپاو مەحکوم کرد.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ئێستا خەریکی تێپەڕاندنی سزاکەی لە بەندی ئێرشاد، شوێنی ڕاگرتنی بەندکراوە سیاسی و عەقیدەتییەکانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێیە.

«ئەفشین عەزیزی» و «کاکۆ عەزیزی»، دوو هاووڵاتیی خەڵکی «دزە»ی مەرگەوەڕی ورمێ لە پارێزگای ورمێ، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی، بە توندوتیژییەوە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە پاش ٢١ ڕۆژ دەسبەسەربوونی سەرەڕۆیانە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، لە شوێنێکی نادیار و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران. ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەربوون و لێکۆڵینەوەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.