١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «لەیلا پاشایی» و «باران ساعدی»، دوو کەس لە چالاکانی مافی ژنان و مەدەنی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، کە لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ بە شێوەی سەرەڕۆیانە ەسبەسەر کرابوون و پاشان لە دۆسییەسازییەکی ئەمنیدا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە ٣ مانگ بەندکردنی داسەپاوی مەحکووم کرابوون، ئێستا بە سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعات و دادستانیی سنە، لەگەڵ تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ کردەی تاوانکاری دژی ئەمنیەتی ناوخۆیی/دەرەکی» لەم دۆسییەیەدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە و بۆ پێڕاگەیشتن بانگی دادگای پێداچوونەوەی سنە کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێنەی پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەی بە کوردپا ڕاگەیاند: «لەیلا پاشایی» خەڵکی سەقز و «باران ساعدی» خەڵکی سنە، لە کاتێکدا لە دوایین پەڕاوەی خۆیاندا لە لقی دووهەمی دادگای ئینقلابی سنە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە ٣ مانگ بەندکردنی داسەپاو مەحکووم کرابوون و سەبارەت بە تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی» هیچ حوکمێکیان پێنەگەیشتبوو، لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکان ئاگادار بوونەوە کە ئیدارەی ئیتلاعات سکاڵایەکی نوێی دژی ئەوان لەم دۆسییەیەدا خستووەتە ڕوو. ئێستا بەپێی سکاڵای دادستانی سنە و ئیدارەی ئیتلاعات و هاوپێچکردنی بەڵگەی نوێ لەلایەن ئەم ناوەندە ئەمنییەوە بۆ دۆسییەکە، ئەوان بانگکراونەتە لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە و تۆمەتێکی نوێ لەژێر ناونیشانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ کردەی تاوانکاری دژی ئەمنییەتی ناوخۆیی/دەرەکی» لەم دۆسییەیەدا هاتووهتە ئاراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیاتر دەڵێت؛ لە کاتی سەردانیکردنی ئەم دوو چالاکەی مافی ژنان بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکان و ئاگاداربوون لە خستنەڕووی سکاڵای نوێ دژیان لەم دۆسییەیەدا، ڕاگەیشتن بە دۆسییەکە لە دۆخی ناڕوونی و سڕکردندا بوو تا ئەوەی سەرەتای خەزەڵوەری ١٤٠٥، ئاگاداریی دادگای پێداچوونەوە ئاراستەی ئەم دوو چالاکەی مافی ژنان کرا و ئەوان دەبێت ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥ بۆ ڕاگەیشتن لەم لقەدا ئامادە بن. هەروەها ئەم دۆسییەی ئێستا کەوتووەتە ژێر سەرۆکایەتیی دادوەر «کەرەمی» لە دادوەرانی بەدناو.
پێشینەی دەسبەسەرکردن و سزادانەکانی «لەیلا پاشایی» و «باران ساعدی»؛
١٤٠٣-١٤٠٤
- ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣: «لەیلا پاشایی»، «باران ساعدی»، «سوهەیلا مەتاعی» و «سۆما محەممەدڕەزایی»، لە چالاکانی مافی ژنان، لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس (ڕۆژی جیهانیی ژن) لە سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە. سەرەنجام، ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، ئەم دوو چالاکە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ دابڕگەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گواسترانەوە و پاش ١٦ ڕۆژ دەسبەسەریی سەرەڕۆیانە و بێبەشبوون لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
- ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤: «لەیلا پاشایی» و «باران ساعدی» بانگکرانە لقی دووهەمی دادگای ئینقلابی سنە و ڕووبەڕووی تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی» بوونەوە. هەروەها بڕی بارمتەکەیان ١٠٠ ملیۆن تمەنی تر زیادی کرد. لە درێژەدا، ئەم دوو کەسە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە سێ مانگ بەندکردنی داسەپاو مەحکووم کران و لە تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی» بێبەری کران.
١٤٠١
- «لەیلا پاشایی» لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە یەکی ڕەزبەری ١٤٠١ لە سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەزبەر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ئەو چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کراوە.
- «باران ساعدی»ش ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گواسترایەوە. ئەو پاش نزیکەی دوو مانگ دەسبەسەریی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن (ڕەشەمەی ١٤٠٣)؛
ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکانی ژنان و مەدەنی لە سنە، پێکهاتوو لە ٧ گرووپ و ڕێکخراوی ژنان، دایکانی دادخواز، ژینگەیی، پیشەیی و وەرزشی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنەوە ڕێوڕەسمێکی گەورەیان لە ڕێزلێنان لە ٨ی مارس بە خوێندنەوەی بەیاننامە، دروشمی یەکسانیخوازانە و بەشداریی بەربڵاوی جەماوەری و چالاکان بەڕێوە برد.
لە هەمان پەیوەندیدا، کۆمەڵێک لە چالاکانی ژنان و چالاکانی کرکاری لە ڕێگەی بانگکردن بۆ فەراجا و پەیوەندییە تلفۆنییەکان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو و گوشاری هەڕەشەلێکران کە مافی هیچ جۆرە بەشداری و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و کۆڕبەندێکیان بە بۆنەی ٨ی مارسەوە نییە.
لەیلا پاشایی، باران ساعدی، سۆما محەممەدڕەزایی و سوهەیلا مەتاعی لە چالاکانی ژنی دەسبەسەرکراو لە پەیوەندی لەگەڵ ٨ی مارس بوون.




