١٥ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ دوێنێ دوو مێردمنداڵی کوردی خەڵکی تیکاب بە ناوەکانی «سیامەک موفیدی» و «سرووش عێنایەتی» بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاشان بۆ لێپرسینەوە، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بەبێ مافی پەیوەندیگردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بۆ تاران گوازراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا، ئێوارەی شەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، «سیامەک موفیدی»ی تەمەن ۱٧ ساڵان و «سرووش عێنایەتی»ی تەمەن ۱٦ ساڵ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. پاشان ئەم دوو مێردمنداڵە لەژێر ڕێکارە ئەمنییەتییە توندەکاندا بۆ لێپرسینەوە بۆ شوێنێکی نادیار لە تاران گوازراونەتەوە.

بەپێی وتەی سەرچاوەکەی کوردپا، ئەم دوو مێردمنداڵە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە کافەیەک لە تاران کاریان کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم دوو مێردمنداڵە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیکردن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.