١٦ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی «سەید عێزەدین سەیدتاهیری»، تۆمەتبار بە کوشتن و هۆکاری توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر «نیلووفەر موجاوری»، ژنێکی تر کە دەڵێت ساڵانێک پێش لەلایەن ناوبراوەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی، ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە، چۆنییەتیی بەسەرهاتەکەی خۆی بۆ «کوردپا» گێڕاوەتەوە. ئەم ژنە دەڵێت «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» چەند ساڵ پێش ئێستا ئەویشی وەک نیلووفەر، لە شوێنێکی نەشیاو و دژەمرۆڤانەدا ڕاگرتووە، نزیکەی دوو حەفتە لە ئاو و خواردن بێبەشی کردووە و بە لێدان، ئەشکەنجەی توند و دەستدرێژیی بەردەوام، تا لێواری مردنی بردووە؛ ئەو دوای ڕزگاربوونی، بەهۆی هەوکردنی زۆر لە تەواوی جەستەیدا، بۆ چەند حەفتە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

کوردپا جەخت دەکاتەوە کە لە بڵاوکردنەوەی ئەم گێڕانەوە و درکاندنەدا، بۆ پاراستنی ئاسایشی قوربانییەکە، زۆرێک لە وردەکاری، هێما و ڕوونکردنەوەکان کە ئەگەری ناسینەوەی ناسنامەکەی لێ دەکەوێتەوە بە پارێزراوی لای خۆی دەهێڵێتەوە؛ و بارودۆخی کۆمەڵایەتی، تەمەنی قوربانییەکە، شوێنی نیشتەجێبوون، چۆنیەتیی دەستڕاگەیشتنی ئەنجامدەری توندوتیژییەکە بە قوربانی، هەروەها ناوی وردی شوێنەکە، ئەو ئامێرانەی کە پێیان دەستدرێژیی کراوەتە سەر و وردەکاری و شێوازی ئەشکەنجەکان بڵاو ناکاتەوە؛ چونکە ئەم وردەکارییانە ئەوەندە ڕوونن کە دەکرێت ناسنامەی قوربانییەکە ئاشکرا بکەن؛ بەو هیوایەی ڕۆژێک ئەو کەسە بتوانێت لە ئاسایشدا هەموو شتێک بگێڕێتەوە.

ڕۆژێک دوای درکاندن دەربارەی ئەو توندوتیژی، ئەشکەنجە و دەستدرێژییەی بەرانبەر «نیلووفەر موجاوری» کرابوو، بە هەوڵدان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وێنەی ئەنجامدەری ئەشکەنجە و توندوتیژییەکە، «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» بڵاو کرایەوە و دەستبەدەست دەکرا؛ لە کاتێکدا باری دەروونیی کۆمەڵگە، بەتایبەت ژنان، بە وێنە بڵاوکراوەکانی نیلووفەر بەسەختی هەژێندرابوو و هەواڵەکان باسیان لە ڕاکردنی تۆمەتبارەکە دەکرد. هاوكات، دەربارەی تۆمەتبارەکە، ڕابردووی دەیان حاڵەتی توندوتیژی و تەنانەت کوشتنی ژنان ئاشکرا دەبوو. 

لە هەمان کاتدا، یەکێک لە قوربانییانی توندوتیژی، ئەشکەنجە و دەستدرێژی لەلایەن «سەید عێزەدین سەیدتاهیری»، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کوردپا، بە ناردنی وێنە و بەڵگەنامەکانی جەستەی ئەشکەنجەدراوی خۆی، هەروەها بەڵگەی خەواندن لە نەخۆشخانە و تاقیکردنەوە و پشکنینە پزیشکییەکان، ئەو توندوتیژییەی لەلایەن ئەم کەسەوە بەرانبەری کرابوو، گێڕایەوە.

ئەم قوربانییە ئاخاوتنەکانی خۆی بەم شێوەیە دەست پێدەکات:

«ئەم [سەید عێزەدین سەیدتاهیری]ە هەر ئەو پیاوە بوو کە چەند ساڵ پێش ئێستا منیشی وەک نیلووفەر تووشی ئەشکەنجە، توندوتیژی و دەستدرێژی کردەوە. لە زۆر شوێن نووسیویانە نازانین [نیلووفەر] چۆن ئەشکەنجە دراوە؟ دەمویست لەژێر پۆستەکاندا بنووسم کە چۆن ئەشکەنجە دراوە و چی بەسەردا هێناوین و چی لە ژنان دەکات، بەڵام ترسام. دەترسم لەژێر پۆستەکانی نیلووفەردا ئەزموونی خۆم بنووسم و دووبارە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببمەوە. بێدەنگ بووم، تەنیا سەیر دەکەم بزانم خەڵک چی دەڵێن و تەنیا کەسێک کە پێم وتبێت تۆیت.»

ئەو بە دەنگێکی لەرزۆکی پڕ لە تووڕەیی و ترسەوە بەردەوام دەبێت:

«لێدانەکانی سەر دەست و پێ و سەری نیلووفەر دەبینیت؟ دەزانیت چۆن ئەم ئەشکەنجانە ئەنجام دەدات؟ کاتێک لە منی دەدا، ئاوی گەرم و دواتر ئاوی ساردی دەکرد بە جەستەمدا و چەند جار لێدان و ئەشکەنجەدانی بەم شێوازە دووبارە دەکردەوە و بەردەوام دەبوو.

دەست و پێکانمی لەسەر زەوی تۆز و خۆڵاوی دەبەستەوە و بە قامچی و پشتێند و هەر شتێک لەبەر دەستیدا بووایە لێی دەدام و خۆڵی دەکرد بە سەر جەستەی ئەشکەنجەدراو و بریندارمدا. منیشی لە شوێنێکی زۆر نەشیاو و دژەمرۆڤانە نزیکەی دوو حەفتە بە بەستراوەیی ڕاگرت. منیشی وەک نیلووفەر لە ئاو و خواردن بێبەش کرد و لەباتی ئەوە میزەکەی دەکردە دەمم.

چەند جار دەستدرێژی کردە سەرم؛ خۆی و بەو ئامێرانەی لەبەر دەستیدا بوون، لە ڕێگەی ئەندامی زاوزێ و کۆمەوە بە توندوتیژی تەواوەوە دەستدرێژی دەکردە سەرم. بە شەق لەسەری دەدام تا ئەو ڕادەیەی هەستم دەکرد سەرم قوپاوە. تا ئەم ڕادەیە بەئازار بوو. لە توندی لێدانەکاندا دەمم پڕ دەبوو لە خوێن و ژمارەیەکی زۆر لە ددانەکانم شکان.

کاتێک دەموت ڕەحمم پێ بکە و تۆخوا بەسە، دەیوت دووبارە ناوی خوا بێنە تا لەبەرچاوی خواکەت دەستدرێژیت بکەمە سەر. دەموت بمکوژە، پێدەکەنی و دەیوت نا، سووکت دەکەم. 

هەموو قژمی ڕاکێشابوو و دەریهێنابوو، تا ماوەیەکی درێژ قژم هەڵدەوەری.

هەر بەڵایەک کە توانیی بەسەریدا هێنام و دواتر بە بێهۆشی، دوای چەندین ڕۆژ فڕێی دام. منیان دۆزیبووەوە، تەواوی جەستەم هەوی کردبوو و چەندین حەفتە لە نەخۆشخانە خەوێندرابووم.

بەهۆی ئەم کەسەوە زۆر جار لە خۆم بێزار بووم؛ تەنانەت لە خۆم و جەستەم بێزم دەهاتەوە.»

لێم پرسی ئایا دەتوانین دەربارەی ئەم گێڕانەوەیە بنووسین؟ وتی:

«بنووسە، وێنەکانی جەستەی ئەشکەنجەدراویشم دابنێ. سپاس بۆ خوا ئەم ڕۆژەم بینی کە ڕیسوا بوو. دوای ئەم بەڵایەی بەسەریدا هێنام، لەو ساڵەوە بەدواوە نەمبینییەوە. کاتێک دەچوومە دەرەوە هەمیشە دەوروبەرم دەپشکنی، هەموو شوێنێکم سەیر دەکرد ئایا دووبارە دەیبینمەوە…» 

ئەو بەردەوام دەبێت، چی و لە کوێوە بڵێم:

«گەیشتوومەتە شوێنێک کە هیچ شتێکم بۆ گرنگ نییە و لە هیچ شتێک ناترسم و دەتوانم لە بەرانبەر هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکدا بوەستم. نه شەرمم هەیە لەوەی بزانن کێم و نه دەمەوێت بێدەنگ بم، بەڵام خۆت دەزانیت بۆچی ناچارم و بە هیوای ڕۆژێک کە بتوانم هەرچی بەسەرمدا هاتووە بیگێڕمەوە…» 

ئاخرین دۆخی دۆسییەی نیلووفەر موجاوری و زانیاری نوێ سەبارەت بە هۆکاری کوشتن و توندوتیژییەکەی؛ 

بەپێی دوا زانیارییەکان کە سەبارەت بە «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» بە دەستی کوردپا گەیشتوون ، ناوبراو لە شارۆچکەی پیرانشاردا دەسبەسەرە و بنەماڵەی نیلووفەر موجاوری خەریکی بەدواداچوونی دۆسییەکەن. هەروەها تەواوی بەڵگەنامە پزیشکی و نەخۆشخانەییەکان کە ئەشکەنجە و دەستدرێژی و توندوتیژی لەسەر نیلووفەر بە نووسراو پشتڕاست دەکەنەوە، بۆ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ڕادەستی دادگا کراون.

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بە کوردپایان ڕاگەیاندووە کە هیچ کارێک و هیچ شتێک لە «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» بەدوور نییە و بە کەسێکی سەر بە دەسەڵاتی دەزانن، -لە کوردستاندا بەم کەسانە دەوترێت «جاش»-. ئەوان دەپرسن مەگەر چۆن دەکرێت کەسێک بتوانێت ئەم هەموو توندوتیژییە دژ بە دەیان ژن ئەنجام بدات، بێ ئەوەی هیچ کەسێک بوێرێ بێدەنگی بشکێنێت و ئەویش بەردەوام بێت لە کارەکانی.

«سەید ئەنوەر سەیدتاهیری»، برا گەورەی «سەید عێزەدین سەیدتاهیری»، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای «ڕووداو» لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی دەسبەسەرکردنی براکەی، بانگەشەی کردووە کە ناوبراو «کێشەی دەروونی» هەیە و ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە ١٠ ساڵ پێش ئێستا، هاوسەری خۆی لە نەغەدە کوشتووە و بەهۆی ئەم کوشتنەوە ٦ ساڵ لە زینداندا بووە. ئەو هەروەها وتی براکەی ١٨ تا ١٩ ژنی هەبووە و زۆربەی ئەم ژنانە زیاتر لە حەفتەیەک لای نەماونەتەوە.

برای تۆمەتبارەکە، لە گفتوگۆیەدا لەگەڵ ئەم میدیایە، لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە بۆچی دامودەزگا حکوومی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی تا ئەم ئاستە چاوپۆشی و کەمتەرخەمییان بەرانبەر بە ڕەفتار لەگەڵ براکەیدا نواندووە، وتی: «نازانم». ئەو لەم گفتوگۆیەدا، بێ ئەوەی ڕەفتاری براکەی سەرکۆنە بکات و بێ وڵامدانەوەی بنەماڵەکەی بۆ ئەم بابەتە کە، تەنانەت ئەگەر ئیدیعای ئەوانیش بەوەی منداڵەکەیان «کێشەی دەروونی» هەبووە ڕاست بێت، بۆچی بۆ چارەسەرکردنی هەنگاویان نەناوە، لە کاتێکدا دەیان ژن بوونەتە قوربانی؛ پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی دایکی نیلووفەر کردووە و بانگەشەی کردووە کە ئەو ئاگاداری پەیوەندی کچەکەی لەگەڵ براکەیدا بووە.

پووری نیلووفەر، کە کوردپا پێشتر ڕاپۆرتی توندوتیژی و کوشتنی نیلووفەری لە زاری ئەوەوە بڵاو کردبووەوە، لە پەرچەکردارێکدا بەرانبەر لێدوانەکانی برای تۆمەتبارەکە دەڵێت بنەماڵەی ئەنجامدەری توندوتیژی و کوشتنەکە، پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی دایکی نیلووفەر دەکەن؛ لە کاتێکدا ئەم بنەماڵەیە بێ هیچ جۆرە بەرپرسیارەتییەک بەرانبەر ڕەفتار و کردەوەکانی منداڵەکەیان، لەم ماوەیەدا تەنانەت یەک پەیامی سەرەخۆشی یان دەربڕینی دڵگرانییان بە هیچ شێوازێک بە بنەماڵەی نیلووفەر نەناردووە. ئەو ئەم لێدوانانە بە هیچ شێوەیەک بە ڕاست نازانیت و دەڵێت بنەماڵەی تۆمەتبار بە هێنانی ئەم جۆرە ئیدیعایانە دەیانەوێت براکەیان بە بێتاوان بناسێنن. 

کوردپا کارەساتی ژنکوژیی نیلووفەر موجاوری و بێدەنگیی سەرچاوەگرتوو لە ترسی قوربانییەکانی تر بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی سزای پێکهاتەیی و ئاساییکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا دەزانێت. ئەم پێکهاتە دژەژنه بە نەبوونی پشتیوانی یاسایی و بە تاوانبار نیشاندانی زیانبەرکەتووان، ژنانی لە بنبەستێکی کوشندەدا بەجێ هێشتووە؛ شوێنێک کە نە دەتوانن پەنا ببەنە بەر سیستەمی دادوەری و نە پارێزراویی دوای شکاندنی بێدەنگییان هەیە. بێهەڵوێستی بەئەنقەستی دەسەڵات بەرانبەر تاوانبارانی خاوەن ڕابردوو، دەزگای دادوەریی کردووەتە شەریکی ڕاستەوخۆی ئەم کارەساتانە.