۱۱ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ۹ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «محەممەد حەمزەزادە»، لاوی خەڵکی مەهاباد، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی دەسبەسەرکرانی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی سێشەممە، ۳ی خەرمانانی ١٤٠٥، «محەممەد حەمزەزادە» کوڕی جەعفەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.