٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ ئەحەد میهەنخا، مێردمنداڵی ١٩ ساڵەی خەڵکی شنۆ، کە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند کە ئێوارەی دووشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «ئەحەد میهەنخا» بۆ جێبەجێکردنی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو گواستراوەتەوە بۆ بندیخانەی ناوەندیی نەغەدە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دادگای ئینقلابی شنۆ ئەم سزایەی بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کورستانییەکان» بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.

ئەحەد میهەنخا لە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو پاش نزیکەی مانگێک دەسبەسەرکران، بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم مێردمنداڵە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.