۲۶ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ لە درێژەی گوشارەکان و بانگکرانە بەردەوامەکانی «سینا پەرویزی»، وەرزشوان و ڕاهێنەری لەشجوانی، بۆ ئیتلاعاتی کامێران، ناوبراو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیسانەوە بانگ ئەم ناوەندە ئەمنییە کرا و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بە وەگرتنی بەڵێننامەی زۆرەملێ ئازاد کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: «سینا پەرویزی»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ئەڵک» سەر بە کامێران کە وەرزشوان و ڕاهێنەری لەشجوانییە، ڕۆژی پنجشەممە ۲۳ی ڕەزبەری ۱۴۰۵ بانگی ئیتلاعاتی کامێران کرا و بۆ چەندین کاتژمێر لەژێر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و لێپرسینەوەدا لەم ناوەندە ئەمنییەدا بوو. ناوبراو لە کۆتاییدا دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی زۆرەملێ لەلایەن ئەم ناوەندەوە ئازاد کرا.
سینا پەرویزی، ۳۸ ساڵە، وەرزشوان و ڕاهێنەری لەشجوانی و سەرپەرستی تیپی بەهێزترین پیاوانی کامێرانە و لە کێبڕکێکانی پارێزگا و وڵاتدا بەشداری کردووە.





