۲۷ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاوڵاتییانی کورد، ئێوارەی دووشەممە «شاخەوان خاوەری»، لاوی کوردی خەڵکی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئێوارەی دووشەممە ۲۶ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «شاخەوان خاوەری»، کوڕی ڕەحیم و لاوی خەڵکی مەریوان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها «شاخەوان خاوەری» لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی بە بنەماڵەکەی بێبەش بووە.