٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ بە تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «حەسەن فەرەجی»، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی ئیلام، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، حەسەن فەرەجی لە خانەباخێکدا لە ناوچەی چەشمەپەهنی پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییەدا، بنەماڵەکەی هێشتا لە شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی بێئاگان و تا ئێستا هیچ دەرفەتێکیان بۆ پێوەندیگرتن یان چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو بۆ نەڕەخساوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی حەسەن فەرەجی لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە نەداوە.