۲۷ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ «میلاد تەبد»، کۆڵبەری لاوی خەڵکی مەریوان، دوای نزیکەی ساڵێک بەرگەگرتنی برینەکانی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سەری، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ۲۷ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «میلاد تەبد»، کۆڵبەری خەڵکی گوندی «گڵیە»ی سەر بە مەریوان، کە نزیکەی ساڵێک پێش لە سەر سنووری مەریوان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان سەری پێکرابوو و بەسەختی بریندار ببوو، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

«میلاد تەبد» ٣ی خەرمانانی ۱۴۰۴، لە ئاکامی تەقەی فیشەکی جەنگیی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر سنووری مەریوان و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سەری پێکرا و بەسەختی بریندار بوو. ناوبراو سەرەتا بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی «بووعەلیی مەریوان» کرا و بەهۆی سەختی برینەکانییەوە ڕەوانەی ناوەندە تەندروستییەکانی سنە کرا.

بەم حاڵەوە، «میلاد تەبد» دوای نزیکەی ساڵێک و لە کاتێکدا لەگەڵ لێکەوتەکانی سەختی برینەکانیدا ململانێی دەکرد، گیانی لەدەست دا.

«میلاد تەبد»، کوڕی سەیفوڵڵا، خێزاندار و باوکی منداڵێکی ساوا بوو.