بەرموور: حەفتەی یەکەمی مانگی پووشپەڕی ١٣٩٣

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە نالەباریی دۆخی جەستەیی زەینەب جەلالیان نیگەرانی دەربڕینی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو بارەیەوە و خۆکوژیی ژنێکی دیکەی کورد لە سایین قەڵا و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان، کە دەستبەسەرکردنی رێحانە تەباتەبایی و ئازادبوونی مەعسوومە قولی زادە بەدانانی بارمتە لەشوێنەکانی دیکەی ئێران، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

لێبوردنی نێونەتەوەیی بە نیسبەت لەدەستانی بینایی چاوی زەینەب جەلالیان هۆشداری دا

لەماوەی حەفتەری رابردوودا رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەدەرکردنی بەیاننامەیەک بەنیسبەت مەترسیی لەدەستدانی بینایی چاوی زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد هۆشداری دا و رایگەیاند کە ناوبراو پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە.

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەو رێکخراوە نێونەتەوەییە کە بنکەکەی لە وڵاتی بەریتانیایە، رۆژی ٢٦ی جۆزەردان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیان: زەینەب جەلالیان کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا دەستبەسەر کراوە، مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە بەتەواوەەتی بینایی چاوەکانی لەدەست بدات و پێویستی خێرای بە چارەسەری هەیە.

پێشتر دادستانی گشتی ئوستانی کرماشان جگە لە رێگریی لە چوونە مەرەخەسیی زەینەب جەلالیان، ئیزنی نەشتەرگەریی پزیشکیشی بۆ چاوی ناوبراو نەدابوو.

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر و بە سێدارە مەحکووم کرا.

ئەم حوکمە لە "دیوانی بەرزی وڵات" دا بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

ژنێکی دیکە لە سایین قەڵا خۆی کوشت

لەماوەی حەفتەری رابردوودا و لەدرێژەی رەوتی خۆکوژیی ژنانی کورد لەکوردستانی، ژنێک لە شاری سایین قەڵای ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و لەئاکامدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ژنێک بەناوی "هەنار ئەدیمە" خەڵکی ئاوایی "هەمزە قاسم"ی ناوچەی هەوشار و دانیشتووی شاری سایین قەڵا، پاش ئەوەی کە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا، رۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان، بەهۆی قووڵیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

هەنار ئەدیمە، حەفتەیەک بەر لەئێستا بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، کە سەرئەنجام رۆژی شەممە لە یەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا. 

بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٠ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئێـــــران

رێحانە تەباتەبایی دەستبەسەر کرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا رێحانە تەباتەبایی رۆژنامەنووسی ئێرانی و یەکێک لەلایەنگرانی "جبهە مشارکت" دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرا.

رێحانە تەباتەبایی رۆژنامەنووسی ئێرانی و یەکێک لەلایەنگرانی "جبهە مشارکت"

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣١ی جۆزەردان، رێحانە تەباتەبایی رۆژنامەنووس و کە لایەنگری "جبهە مشارکت"ـە، بەمەبستی روونکردنەوی پەروەندە نوێیەکەی سەردانی دادسەرای ئێڤینی کردبوو، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای پەروەندەی پێشووتری بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

رێحانە تەباتەبایی پێشتر و لە رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا لەلایەن هیزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئیرانەوە دەستبەسەر کرابوو، کە دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی ئەو وڵاتەوە سزای ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ برابوویەوە.

ئازاد کرانی مەعسوومە قولی‌زادە لە زیندان

لەماوەی حەفتەی رابردوو مەعسوومە قولی‌زادە یەکێک لە چالاکانی خوێندکاری و چالاکانی چەپ، دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران، بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

مەعسوومە قولی‌زادە یەکێک لە چالاکانی خوێندکاری و چالاکانی چەپ

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان، یەکێک لەچالاکانی پێشووی خوێندکاری لە زانکۆی تاران، بەدانانی بارمەتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو پێشتر لە رۆژی ٣١ی بانەمەڕ، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ زانکۆی تاران، دەستبەسەر و پاشان بۆ زیندانی ناوەندی شاری تەورێز گوازرابووەیەوە.

مەعسوومە قولی‌زادە لە زنکۆی عەلامە تەباتەبایی خوێندنی کارناسیی باڵای لە رشتەی فەلسەفەدا تەواو کردبوو، کە ماوەیەک بەر لە ئێستا بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندن سەردانی وڵاتی تورکیای کردبوو، بەلام دوای گەڕانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان و کورد ( ١ حاڵەت)