بەرموور: حەفتەی دووەمی مانگی بانەمەڕ ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە (پێشگیری لە چارەسەری پزیشكی بۆ زەینەب جەلالیان و کوژرانی کچ و ژنێکی گەنج لەشارەکانی کەنگاوەر و ورمێ و ٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و سەپاندنی سزای ٢٠ ساڵ زیندان بۆ رویا سابری نژاد و پشتڕاست کردنەوەی ٤ ساڵ زیندانی بۆ مریەم شەفیعپوور، دەستبەسەرکردنی سەبا ئازەر پەیک، بانگهێشتکرانی نەرگس محەمەدی و لەسێدارەدانی ژنێکی دیکە لە زیندان ئامول) لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
دادستانی کرماشان پێش بە نەشتەرگەری چاوی زەینەب جەلالیان دەگرێ
لەماوەی حەفتەری رابردوودا، یەکێک لە ژنە زیندانیانی بەندکراو لە زیندانی دیزڵئابادی کرماشان، کە چاوی تووشی کێشە بووە، لەلایەن دادستانی کرماشانەوە پێش لە نەشتەرگەری ناوبراو گیردراوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دادستانی گشتی کرماشان لەحاڵێکدا دژایەتی نەشتەرگەری لەسەر چاوی زەینەب جەلالیان کردووە، کە چاوی تووشی کێشەی جیددی بووە و نەخۆشییەکەی بووەتە هۆی ئەوەی کە سۆمای چاوەکانی لاواز بێت و تارمایی بەسەر چاوی کشاوە.
پزیشکانی زیندان رایانگەیاندووە؛ کە لەرێگەی نەشتەرگەری و بەکارهێنانی بەردەوامی (قەترەی ئیستریل) دەرمان دەکرێت، بەڵام دادستانی کرماشان لەگەڵ نەشتەرگەری ناوبراو لەدەرەوەی زیندان دژایەتی کردووە.
هەتا ئێستا بەرپرسانی دەزگای قەزایی باسیان لە هۆکاری دژایەتی کردن لەگەڵ نەشتەرگەریی زەینەب جەلایان نەکردووە.
هەروەها پێشتریش، ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دانی مرەخەسیی دەرمانی بە زیندانی سیاسیی کورد زەینەب جەلالیان، کە لە زیندانی "دیزڵئاباد"ی کرماشان راگیراوە، خۆیان بواردبوو.
زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا و هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبە سەر و بە سێدارە مەحکووم کرا.
ئەم حوکمە لە "دیوانی بەرزی وڵات" دا بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.
کوشتنی نامووسی لەگەنگاوەر و کوژرانێکی گوماناوی لە ورمێ
لەماوەی حەفتەی رابردوودا کچێکی گەنج لە شاری کەنگاوەر بەدەستی باوکی کوژرا و ژنێکی گەنجیش بە شێوەیەکی گوماناوی لە شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ٣ی جۆزەردان، هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کەنگاوەر سەر بە ئوستانی کرماشان بەناوی کەرەم نەویدی، بەزەبری چەقۆ کچە تەمەن ١٨ ساڵەکەی خۆی بەناوی عاتیفە نەویدی کوشت.
عاتیفە نەویدی قوتابیی پۆلی دوا ناوەندی بووە، کە بەهۆی هەبوونی پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێک، لەلایەن باوکییەوە بە زەبری چەقۆ سەر بڕدراوە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردان، تەرمی ٣ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی کورد لە گوندی پیرانجخی ورمێ دۆزرایەوە.
مەرگی ئەو بنەماڵەیە کە لە باوک و دایک و منداڵێکی تەمەن ١ ساڵان پێک هاتبوو،گوماناوی راگەیەندراوە.
هاوڵاتییەکی خەڵکی ورمێ رایەگەیاندووە کەباوکی بنەماڵەکە سەرەتا ژن و منداڵەکەی کوشتووە و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ١٣ ژن و کچی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن خزم و کەس و کاریانەوە کوژراون و ٣ ژنی دیکەش هەوڵی کوشتنیان دراوە، لە ئەنجامدا تووشی برینداری هاتوون.
ئێـــران
رۆیا سابیرینژاد ٢٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە
لەماوەی حەفتەی رابردوودا، رویا سابیرینژاد لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رویا سابیرینژاد نەوبەخت، هاوڵاتی بەرەگەز ئێرانی و دانیشتووی بریتانیا، کە مانگی رەزبەری ساڵی رابردوو (١٣٩٢) دوابەدوای سەفەر بۆ ئێران لەشاری شیراز دەستبەسەر کرابوو، بەپێی حوکمێکی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر موقەیسە، بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
ئەو حوکمە قورسە لەلایەن دادگای ئینقلاب و بە تۆمەتی " کۆکردنەوەی زانیاری بەمەبستی هەوڵدان دژی تەناهی ینەتەوەیی و بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام" بۆ ناوبراو بڕدراوەتەوە.
پێشتر رۆژنامەی ئیدیپێندینتی بریتانیا کە هەواڵی دەستبەسەرکرانی رۆیا سابیرینژادی بڵاو کردبوویەوە لەزاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا رایەگەیاندبوو: ئەو وەزارەتخانەیە ئاگاداری مەسەلەکەیە و بەدواداچوونی بۆ دەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزارەتی ئەو وڵاتە لە تاران داخراوە کارەکانی بە هێواشی دەرواتە پێشەوە.
رۆیا سابیرینژاد ئێستا لەبەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران راگیراوە.
٤ ساڵ زیندانی تەعزیریی مەریەم شەفیعپوور پشتڕاست کرایەوە
لەماوەی حەفتەی رابردوودا حوکمی ٧ ساڵ زیندانی مەریەم شەفیعپوور لەدادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،مەریەم شەفیعپوور یەکێک لە چالاکانی خوێندکاری بەندکراو لە زیندانی ئێڤین کە پێشتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی، ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو، کە حوکمەکەی لە لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.
مەریەم شەفیعپوور، رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ دوای بانگهێشتکران بۆ لقی ٢٠ی دادسەرای موقەدەس و دوای لێپرسینەوە، دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندای ئەڤین راگوێزرا.
ناوبراو ساڵی ١٣٨٩ بەهۆی چالاکیەکانییەوە لەلایەن دادگای ئینقلابی قەزوێنەوە بە یەک ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو.
رۆژنامەنووسێکی ژن لەشاری تاران دەستبەسەر کرا
لەماوەی حەفتەی رابردوودا سەبا ئازەرپەیک یەکێک لە رۆژنامەنووسانی رۆژنامەکانی "اعتماد" و "تجارت فردا"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری تاران دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردان، سەبا ئازەرپەیک یەکێک لە رۆژنامەنووسانی ناسراوی ئێران، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەفتەری کارەکەی لەرۆژنامەی "تجارت فردا"، دەستبەسەر کرا.
سەبا ئازەرپەیک ٨ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویش، هاوڕێ لەگەڵ ١١ رۆژنامەنوسی دیکە دەستبەسەر و دواتر لە رێکەوتی ١٥ی رەشەممەی هەمان ساڵدا ئازد کرابوو.
ئەو رۆژنامەنووسە بە هێنانەوە بەرباسی دۆسیەی مەرگی ستار بەهەشتی، ویبلاگنووسی زیندانی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی فەتا و بەدواداچوونی خۆی دۆسیەی کوژرانی ناوبراوی بردبووە مەجلیسی ئێران.
نەرگس محەمەدی بانگهێشتی دادسەرای ئێڤین کرا
لەماوەی حەفتەی رابردوودا وتەبێژی ناوەندی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ بانگهێشتی دادسەرای ئینقلابی زیندانی ئێڤین کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، نەرگس محەمەدی جێگر و وتەبێژی ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران، رێکەوتی ٧ی جۆزەردان ئاگادار کراوەتەوە کە رۆژی یەکشەممە ١١ی جۆزەردان خۆی بە لقی ٢ی بازپورسیی دادسەرای ئینقلابی زیندانی ئێڤین بناسێنێت.
نەرگس محەممەدی بە بڕیاری دەزگای قەزایی چوونەدەرەوە لە وڵاتی ئێرانی لێ قەدەغە کراوە و هۆکاری بانگهێشتکرانی ناوبراویش " وڵامدانەوە بۆ ئەو تۆمەتانەی کە لە پەروەندەکەیدا هاتووە" راگەیاندراوە.
نەرگس محەمەدی ساڵی ١٣٨٩ لە ماڵەکەی خۆیدا لەشاری تاران دەستبەسەر و دواتر لەدادگای پێداچوونەوەدا حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ برایەوە.
ژنێکی دیکە لە زیندانی ئامول لەسێدارە درا
لەماوەی حەفتەی رابردوودا سزای سێدارەی ژنێکی دیکە لە زیندانی ئامول بەڕێوە چوو. بەم پێیە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٤ ژن لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٧ی جۆزەردان، سزای لەسێدارەدانی " س . ب " کە بە تاوانی کوشتنی مێردەکەی مەحکووم کرابوو، لە زیندانی ئامول جێبەجێکرا.
بەپشتبەستن بەو ئامارانەی کە لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە سزای سێدارەی ٤ ژن لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوە چووە.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی "میزان خبر" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "مهر" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی چالاکانی تاراوگە ( ١ حاڵەت)





