بەرموور: حەفتەی یەکەمی مانگی بانەمەڕ ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە بانگهێشتی چالاکێکی ژن بۆ عیتلاعاتی سپای پاوە، هەروەها لەسێدارەدرانی ٢ ژن لە ورمێ و خۆکوژی ژنێکی گەنج لە شاری روانسەر و ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتەیە لە دەرکردنی سزای زیندان بۆ چالاکێکی مەدەنی و دەستبەسەرکردنی دوو چالاکی دیکە لەشاری تاران و هەروەها ئازادبوونی ستارە داوەری لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
بانگهێشتکرانی چالاکێکی ژن بۆ ئیتلاعاتی سوپای پاوە
لەماوەی رۆژانی رابردوودا یەکێک لە چالاکانی ژنی دانیشتووی شاری پاوە هاوڕێ لەگەڵ ٧ کەسی دیکە بە تۆمەتی "بەشداری لە فستیڤاڵی هەورامان _ ماچۆ" بانگهێشتی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەو شارە کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،کۆتاییاکەنای مانگی بانەمەڕ، نەرمین گیوەچی هاوڕێ لەگەڵ ٧ کەسی دیکە لەچالاکانی فەرهەنگیی شاری پاوە، لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکراو.
شووناسی ئەو ٧ چالەکە فەرهەنگییە هادی سپەنجی، موختار هیدایەتی، جەهانگیر مەعموود وەیسی، نێعمەت رەحمانی، یاسر خالیدزادە،محەممەد رەشید ئەمینی و جەماڵ جەباری راگێندراون.
ئەو چالاکە فەرهەنگییانە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوە و لەسەر بانگهیشتی فەرمیی بەڕێوەبەرانی پێنجەمین فستیڤاڵی "هەورامان _ ماچۆ" بەشدارییان لەو فستیڤاڵەدا کردبوو.
دوو ژن لە ورمێ لەسێدارە دران
لەماوەی حەفتەری رابردوودا سزای سێدارەی دوو ژن لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنجشەممە ١ی جۆزەردان، سزای سێدارەی ٥ هاووڵاتی لە زیندانی "دەریا"ی شاری ورمێ بەڕێوەچوو، کە دوو کەسیان ژن بوون.
شووناسی ئەو دوو ژنە ئامینە تەوسوون، گوڵچین نووری، فارووق موفەسری، یوسف مەعرووفی هاوڵاتییەکی خەڵکی جیرۆفت راگەیەندراوە.
بەپشتبەستن بەو ئامارانەی کە لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ( لەماوەی ٢ مانگی رابردوودا) سزای سێدارەی ٣ ژن لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوە چووە.
خۆکوژیی ژنێکی گەنج لەشاری روانسەر
نزیک بە دوو حەفتە بەر لەئێستا ژنێکی گەنج لەشاری روانسەر دەستی دایە خۆکوژی و لەئاکامدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕ، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری روانسەر بەناوی "نوشین موزەفەری" هەوڵی خۆکوژیی داو لە ەئنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.
نوشین موزەفەری بەهۆی کێشەی خێزانی و لەرێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.
ناوبراو چەند مانگ بەر لەئێستا لە مێردەکەی جیا بووە و لەو ماوەیەدا جارێگ دیکە لەرێگای هەڵبڕینی شادەماری خۆیەوە هەولی خۆکوژی دابوو.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ١٤ ژن و کچی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لەدەست داوە.
ئـێــــــــــران
فەریدە شاهگوڵی یەکێک لە زیندانیانی سیاسی دەیەی ٦٠ دەستبەسەر کرا
لەماوەی حەفتەی رابردوودا یەکێک لە چالاکانی سیاسی و زیندانیی سیاسیی دەیەی ٦٠ی هتاوی لە ئێران، دوای سەردان بۆ دادسەرای زیندانی ئێڤین، دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕ، فەریدە شاهگوڵی لەکاتێکدا بەمەبەستی جێبەجێ کردنی کاروباری ئیدارەییەکەی و ناساندنی خۆی، سەردانی دادسەرای ئێڤینی کردبوو، دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.
فەریدە شاهگوڵی پێشتر و لەلایەن لقی دووی دادسەرای موقەدەسی ئێڤینەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام، بێرێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئیسلامی و لایەنگری لە چریکە فیداییەکان" ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپێندرابوو.
ناوبراو چەندین ساڵ لەوڵاتی ئاڵمان ژیابوو، بەڵام لەماوەی ساڵانی رابردوودا و بەتایبەت دوای رووداوەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئیران لەساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، چوونە دەرەوەی لێ قەدەغە کرابوو.
ژنە مامۆستایەک ١ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە
لەماوەی حەفتەی رابردوودا یەکێک لە مامۆستایانی ژن و چالاکانی مەدەنی شاری تاران، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئەو شارەوە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، (مریەم شەربەتدار قودس) چالاکی مەدەنی و مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری تاران، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ١ ساڵ زیندانی هەڵپەسێدراو بۆ بڕاوەتەوە. ئەو حوکمە بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵپەسێرداوە.
لە بەرگەی حوکمی شەربەتدار قودسدا هاتووە: کە "بە هۆی دۆخی بنەماڵەیی و نەبوونی پێشینەی تاوان، ١ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی، ناوبراو بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵواسراوە، کە لەئەگەری هەر چەشنە چالاکییەک (سزای زیندان) ناوبراو ، هاوڕێ لەگەڵ حوکمێکی نوێی دادگا، دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
مریەم شەربەتدار قودس هاوسەری فەیزوڵڵا عەرەبسورخی، ئەندامی پلە بەرزی رێکخراوی موجاهیدینی ئینقلابی ئیسلامییە، کە پاییزی ساڵی رابردوو دوای ٤ ساڵ و نیو زیندانی بە تۆمەتی بەشداری لە رووداوەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەسالی ١٣٨٨ی هەتاوی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.
ساجیدە عەرەبسورخی کچی ناوبراو، لەماوەی رابردوودا چەندین جار بەمەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشت کراوەو چاوەڕوانی دادگایەک دەکات، کە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و " کۆبوونەوەی نایاساییان" خستووەتە پاڵ.
ناوبراو هەروەها لەدادگایەکدا بەبێ ئامادەبوونی خۆی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە.
دەستبەسەر کرانی چالاکێكی پێشووی خوێندکاری لە تاران
لەماوەی حەفتەی رابردوودا یەکێک لە چالاکانی پێشووی خوێندکاری لە زانکۆی تاران دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ٣١ی بانەمەڕ، مەعسوومە قولیزادە چالاکی پێشووی خوێندکاری، لەزانکۆی تاران دەستبەسەر کرا.
مەعسوومە قولیزادە لە زنکۆی عەلامە تەباتەبایی خوێندنی کارناسیی باڵای لە رشتەی فەلسەفەدا تەواو کردبوو، کە ماوەیەک بەر لەئێستا بەمەبەستی درێژەدانی خوێندن سەردانی وڵاتی تورکیای کردبوو، بەلام دوای گەڕانەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
هەتا ئیێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
ناوبراو دانیشتووی شاری تەورێز بووە.
ئازاد کرانی ستارە داوەری لە زیندان
لەماوەی حەفتەی رابردوودا ستارە داوەری یەکێک لە چالاکانی پێشووی خوێندکاری کە لە ناوەڕاستەکانی مانگی بانەمەڕدا دەستبەسەر کرابوو، لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ستارە داوەری، چالاکی پێشووی خوێندکاری و ئەندامی شۆرانی ناوەندیی رێفۆرمخوازانی زانکۆی قەزوین، کە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ، لەلایەن هیزە ئینتزامییەکان و لەماڵی باوکیدا دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.
دەگوترێت؛ هێزە ئەمنیەتییەکان لەکاتی دەستبەسەرکردنی ستارە داوەریدا، وێڕای پشکنینی ماڵی باوکی ناوبراو، دەستیان بەسەر کۆمپیوتەر، لاپتۆب، مۆبایلی ناوبراویشدا گرتبوو.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٤ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "کلمە" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی چالاکانی تاراوگە ( ١ حاڵەت)





