بەرموور: حەفتەی چوارەمی مانگی بانەمەڕ ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٢حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە خۆکوژی کچێکی گەنج لە پیرانشار و ژنێک لە بۆکان و ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە دەستبەسەرکردنی چالاکێکی خوێندکاری و چالاکێکی بەهایی لە تاران و لەسێدارەدانی ژنێک لە زیندانی رەجایی شار لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
خۆکوژیی دوو ژن لە بۆکان و پیرانشار
لەماوەی حەفتەی رابردوودا کچێکی گەنج لە پیرانشار و ژنێکی دانیشتووی بۆکان دەستیان دایە خۆکوژی و گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، چەند رۆژ لەمەوبەر ژنێک بەناوی "هاجەر مەجیدی" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گەڕەکی میراوا لەناو ماڵەکەی خۆیدا، کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
هاجەر مەجیدی دایکی دوو منداڵ بووە و دانیشتووی گەڕەکی میراوا، کۆڵانی "زاگرۆسی ٣" بوو.
هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژی ئەو ژنە روون نەبۆتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ، مەعسوومە فەقێ مەلەکی کچی حوسێن و دانیشتووی شیناوێی پیرانشار بە هۆی خۆکوژژییەوە گیانی لەدەست دا.
مەعسوومە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، کە دوای دوو رۆژ راگیران لە یەکێک لە ناوووەندە دەرمانییەکانی ورمێ گیانی لەدەست دابوو.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ١٣ ژن و کچی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لەدەست داوە.
ئێـــــــــــــران
دەستبەسەرکردنی چالاکێکی پێشووی خوێندکاری لەتاران
لەماوەی حەفتەی رابردوودا، ستارە داوەری چالاکی پێشووی خوێندکاری و ئەندامی شۆرای ناوەندی رێکخراوی رێفۆرمخوازانی زانکۆی قەزوین، لەشاری تاران دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ، ستارە داوەری یەکێک لە چالاکانی پێشووی خوێندکاری، لە ماڵی باوکی لەشاری تاران دەستبەسەر کرا.
ستارە داوەری رۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕ لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی راگەیاندووە؛ کە لە زیندانی ئێڤین راگیراوە، بەڵام هێشتا هۆکاری دەستبەسەرکرانەکەی روون نییە.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، لەکاتی دەستبەسەرکردنی ستارە داوەر، هێزە ئەمنیەتییەکان وێڕای پشکنینی مالی باوکی ناوبراو، دەستیان بەسەر کۆمپیوتەر، لاپتۆب، مۆبایلی ناوبراویشدا گرتووە.
دەستبەسەر کرانی چالاکێکی بەهایی لە تاران
لەماوەی حەفتەی رابردوودا و لەدرێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی چالاکانی بەهایی لەئێراندا، یەکێک لەچالاکانی ژنی پەیڕەوی ئەو ئایینە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی بانەمەڕ، یەکێک لە چالاکانی ژنی بەهایی بەناوی ئیلهام فەراهانی هاوڕێ لەگەڵ کوڕەکەی بەناوی شەمیم نەعیمی بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان دەستبەسەر کران.
ئەو دوو هاوڵاتییە بەهاییەی دانیشتووی شاری تاران پێشتر و لەلایەن دەزگای قەزایی ئیرانەوە بەزیندان مەحکووم کرابوون.
بەپێی ئەو حوکمە ئیلهام فەراهانی بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری و شەمیم نەعیمی بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەعکووم کرابوون.
هەروەها عادڵ نەعیمی هاوسەری ئیلهام، پێشتر بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و لە هاوینی ١٣٩١ی هەتاوییەوە لە زیندانی ئێڤین راگیراوە.
ژنێک لەبەندیخانەی رەجایی شار لەسێدارە درا
لەماوەی حەفتەی رابردوودا، سزای سێدارەی یەکێک لە ژنانی بەندکراو لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، یەکێک لە بەندکراوانی ژنی زیندانی رەجایی شار بە ناوی "بێهجەت" لەسێدارە درا.
ئەو ژنە بەتاوانی "قەتڵی ئەنقەست" و لەلایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.
ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی محەممەد جەعفەری بە تاوانی کوستنی میردەکەی دەستبەسەر کرابوو.
سزای سێدارەی محەمەد جەعەفریش ١٠ مانگ بەرلەئێستا و لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەڕێوە چووبوو.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٢ حاڵەت)
رادیۆ زەمانە ( ١ حاڵەت)





